رووداو دیجیتاڵ رۆژی پێنجشەممە، 06.08.2026، رێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیان بە پاڵپشتی کونسوڵخانەی تورکیا و قوتابخانەی نێودەوڵەتیی مەعاریف، 4ـەمین دیداری گەشەپێدانی بۆ قوتابیان لە شاری هەولێر رێکخست. دیدارەکە بەناونیشانی "پەیوەندییەکان لە جیهانی گۆڕاودا" بەڕێوەچوو و تێیدا 350 قوتابی تەمەن 18 بۆ 24 ساڵ لە زیاتر لە 50 شار و شارۆچکەی هەرێمی کوردستانەوە بەشدار بوون. ئامانج لە دیدارەکە گەشەپێدانی پەیوەندیی گەنجان بوو لەگەڵ خۆیان، خێزان و کۆمەڵگەکانیان. ئەحمەد هەورامی، ئەندامی لیژنەی باڵای 4ـەمین دیداری گەشەپێدان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەستمان کرد بابەتی پەیوەندییەکان لە کوردستان و جیهان گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا هاتووە، بەتایبەت پەیوەندییە کۆمەڵایەتی، سیاسی، هزری و تەکنەلۆژییەکان. بۆیە ئەم بابەتەمان بە پێویستییەک زانی بۆ قوتابیان و گەنجان." رێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیان، کە سەر بە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانە، ساڵانە ئەم دیدارە رێکدەخات. ئامێز عەبدولکەریم، جێگری سەرۆکی رێکخراوی باڵیۆزانی زانست کە هاوبەشی رێکخستنی دیدارەکەن، گوتی: "بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە نەبوونی پەیوەندیی دروست بووەتە کێشە. پێمان وابوو گرنگیدان بە بابەتی پەیوەندییەکان باشترینە بۆ ئەمساڵ، بۆ ئەوەی ببینە تاکێکی باشتر بۆ خۆمان، خێزان و کۆمەڵگەکەمان." لە دیدارەکەدا ژمارەیەک مامۆستا و راهێنەری بە ئەزموون باسیان لەوە کرد کە بناغەی کۆمەڵگەی دروست، پەیوەندیی دروستە. ئاسۆ نەجات، یەکێک لە قوتابییە بەشداربووەکان، لەبارەی ئەزموونی خۆیەوە دەڵێت: "بەداخەوە ئێستا لە کۆمەڵگەدا گەنجی زۆر گۆشەگیرمان هەیە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە تێکەڵی کەس نابن و هەوڵ بۆ پێشخستنی خۆیان و ئاستی زانستی و هزریان نادەن." نیهاد مەولوود، بەشداربوویەکی دیکە کە لە کەرکووکەوە هاتبوو، گوتی: "لەم دیدارە ژمارەیەک گەنج لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی کوردستانەوە هاتوون و لێرە هەموومان یەکدی دەبینین، ئەوەش وادەکات باشتر تێکەڵ بین و بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕ بکەین." بەنان رەمەزان، کە لەگەڵ 16 قوتابی دیکە لە زاخۆوە بەشدار بوو، گوتی: "کۆمەڵگە لە تاکەکان پێکدێت، ئەگەر پەیوەندیی نێوان تاکەکان باش بێت، بە دڵنیاییەوە پەیوەندیی نێو خێزانیش باش دەبێت. ئەگەر خێزانەکانیش پێکەوە کۆک بن، شارەکان و دواتریش تەواوی کۆمەڵگە باش دەبێت." ساڵانە ژمارەیەک لەو قوتابیانەی بەشداریی دیدارەکە دەکەن، بۆ بەشداریکردن لە کۆڕ، کۆبوونەوە و پێشبڕکێی تایبەت بە قوتابیان، دەبرێنە تورکیا و وڵاتانی دیکە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی رۆشنبیری و زانستیان.