رووداو - دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 7ـی ئابی 2026، گەنجێکی تەمەن 15 ساڵ لە کاتی مەلەکردندا لە یەکێک لە مەلەوانگەکانی شاری کەلار خنکا. دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە، پزیشکەکان گیانلەدەستدانی گەنجەکەیان ڕاگەیاند.
رەفیق قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار بە رووداوی راگەیاند: "گەنجەکە ناوی (عومەر خەتاب عومران)ـە و تەمەنی 15 ساڵە. کاتێک گەیێندرایە نەخۆشخانە، هەوڵی زۆری بۆ درا بەڵام دەرکەوت کە پێشتر گیانی لەدەستداوە."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتن ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو گەنجە بە رەچەڵەک عەرەبە و لە کاتی مەلەکردندا لەنێو مەلەوانگەکەدا خنکاوە.
ئێستا تەرمی عومەر خەتاب رەوانەی فەرمانگەی پزیشکی دادوەریی کەلار کراوە بە مەبەستی ئەنجامدانی رێکارە یاساییەکان و پشکنینی پزیشکی بۆ دیاریکردنی هۆکاری وردی گیانلەدەستدانەکەی.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە وەرزی هاویندا، گەنجان و منداڵان زیاتر روو لە مەلەوانگەکان و چەم و رووبارەکان دەکەن، بەرگریی شارستانی و لایەنە تەندروستییەکانیش بەردەوام هۆشداری دەدەن لە رەچاوکردنی مەرجەکانی سەلامەتی بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە رووداوە دڵتەزێنانە.


