رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا هۆشداری دەدات کە دەریاچەی وان بەهۆی قەیرانی کەشوهەوا و سیاسەتی نادروستەوە رووبەڕووی مەترسیی لەنێوچوون بووەتەوە و داوای کرد بە یاسا بپارێزرێ.
گویلجان کاچماز سایغیت، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، ئاستی ئاو لە دەریاچەی وان لە دابەزین بەردەوامە.
سایغیت ئاماژەی بەوە کرد، کەمبوونەوەی ئاوی دەریاچەکە لە هەندێک شوێندا دەگاتە 200 مەتر؛ هەروەها داوای کرد حکومەت کۆتایی بەو پڕۆژە و کارە نادروستانە بهێنێت کە سەرچاوە ئاوییەکانی دەریاچەکە دەبڕن.
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی گوتی، پاراستنی دەریاچەی وان ئەرکێکی نیشتمانییە و پێویستە یاسایەکی تایبەت بۆ پاراستنی هەبێ.
سایغیت ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆژەکانی وەک دروستکردنی بەنداو و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی وزە بوونەتەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی دەریاچەکە و هەربۆیە هاوشێوەی دەریاچەکانی ئارال لە کازاخستان و ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان مەترسیی وشکبوونی لەسەرە.
دەریاچەی وان گەورەترین دەریاچەی جیهانە لەرووی زۆری بوونی مادەی سۆدیۆم کاربۆنات و گرنگییەکی زۆری سرووشتی و ئابووری بۆ ناوچەکە هەیە.
پاراستنی ئەم دەریاچەیە بۆ پاراستنی هاوسەنگیی ژینگەیی و ئابووریی ناوچەکە گرنگییەکی زۆری هەیە و دەم پارتی ئەم پرسەی بردووەتە پەرلەمانی تورکیا.
دەریاچەی وان دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی بەدلیس و وان لە باکووری کوردستان و رووبەرەکەی 3 هەزار و 713 کیلۆمەتر دووجایە و قووڵی دەریاچەکەش دەگاتە 451 مەتر.



