ئامادەکردنی:
سومەیە خدر
شارەزایەکی کەشوهەوا پێشبینییەکانی بۆ وەرزی پاییز و زستانی ئەم ساڵ دەخاتەڕوو و دەڵێ، بەپێی نیشانە سەرەتاییەکان، پاییزی ئەم ساڵ پێشوەختە دەستپێدەکات و بەراورد بە پار، بارانێکی زۆر لە ناوچەکە دەبارێت.
ئەمڕۆ پێنچشەممە،6 ی ئابی2026، لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پاییزی پار بە وشکی دەستیپێکرد و دواتر بارانباری، بەڵام پێشبینی دەکەین پاییزی ئەم ساڵ باران زۆر زووتر ببارێت، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سەرەتا بارانی دەریای سوور لە لای باشوورەوە چالاک دەبن، ئەمەش دەبێتە پاڵنەرێکی سەرەکی بۆ زوو دەستپێکردنی وەرزی بارانبارین.
کاریگەریی دیاردەی ئێل نینۆ
لوقمان موفتی، ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکانی زەریای هێمن کرد و گوتی: "دۆخی زەریای هێمن لە ئێستاوە بەرەو حاڵەتی دیاردەی (ئێل نینۆ) هەنگاوی ناوە، پێشبینی دەکەین ئەم دیاردەیە لە کۆتایی پاییز و سەرەتای زستاندا بگاتە لووتکە.
دیاردەی (ئێل نینۆ) بریتییە لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای بەشی رۆژهەڵات و ناوەڕاستی زەریای هێمن، بە گوتەی لوقمان موفتی، مێژوو دەریخستووە ئەو ساڵانەی ئەم دیاردەیە تێیدا چالاک بووبێت، بارانبارین زۆر باش بووە، هاوکات زەریای هیندی و زەریای ئەتڵەسیش کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر زیادبوونی رێژەی بارانبارین دەبێت، کە ئەم ساڵ ئەمە گرینگترین هۆکار دەبێت بۆ باشبوونی باران.
خاوبوونەوەی گێژەڵووکەی جەمسەری
لوقمان موفتی، باسی لە هۆکارەکانی کەشوهەوای پار کرد و گوتی: "حاڵەتی گێژەڵووکەی جەمسەری، ئەو رەشەبا بەهێزەی لە دەوری جەمسەری باکوور دەسووڕێتەوە و ڕێگە نادات هەوای سارد شۆڕبێتەوە بۆ دروستکردنی نزمەپەستان، زۆر خاو و لاواز بوو، ئەم لاوازییە وایکرد کە هەوا ساردەکە لە باکوورەوە بۆ لای ئێمە بێت، بۆ ئەم ساڵ هێشتا بە تەواوی نازانین دۆخی گێژەڵووکە چی لێدێت، بەڵام دڵنیاین کە دیاردەی ئێڵ نینۆ روودەدات و ئەگەری بەهێزبوونی لە وەرزی داهاتوودا لە 80% زیاترە.
پێشبینیی کاتی پەڵەدان و وەرزی نوێ
ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی، کاتی پەڵەدانی رایگەیاند و گوتی: "پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی مانگی 10 (تشرینی یەکەم) و سەرەتای مانگی 11 (تشرینی دووەم) پەڵە بکەوێت، لە ماوەی دوو رۆژدا بڕی بارانبارین بگاتە 50 ملیمەتر و لە 60% بێت، بەڵام بە ئەگەری زۆر دەکەوێتە مانگی 11."
لوقمان موفتی، گەشبینی خۆی نیشاندا و گوتی: "ئینشائەڵا وەرزی داهاتوو وەرزێکی تەواو باراناوی دەبێت لە ئاستی ئاسایی یان زیاتر، بە گشتی وەرزێکی زۆر باش بەڕێوەیە و ئەگەری روودانی وشکەساڵی بۆ ساڵی داهاتوو (2026 بۆ 2027) زۆر کەمە."



