رووداو دیجیتاڵ
د. شەوقی محەممەد، کە وەک بەڕێوەبەری نوێی بازرگانیی ناوخۆ و پاراستنی بەکارهێنەر لە حەسەکە دەستنیشان کراوە، رایگەیاند کە لە مانگی رابردوودا نرخی کەلوپەلە سەرەکییەکان لە 10٪ تا 30٪ بەرزبووەتەوە. هۆکاری ئەمەی بۆ گرانبوونی نرخی سووتەمەنی، مامەڵەکردن بە دۆلار و زیادکردنی گومرگ گەڕاندەوە.
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، کە پێشکێشکار نالین حەسەن لەگەڵی کرد، د. شەوقی محەممەد جەختی کردەوە، کە پرۆسەی یەکخستن (ئینتیگراسیۆن) لە نێوان دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر و حکومەتی سووریا بە باشی بەڕێوە دەچێت و لە کەرتی ئەودا 95٪ـی کارەکان کۆتایی هاتووە.
سەبارەت بە دواکەوتنی پارەی گەنمی جووتیاران، د. شەوقی محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، کە پارەکە "تەرخانکراوە و ئامادەیە"، بەڵام دواکەوتنەکە بەهۆی هەندێک کاری تەکنیکییە لە بانکی ناوەندی و بانکی کشتوکاڵیدا. ئاماژەی بەوەش کرد کە نزیکەی 35 هەزار فاتوورە ئامادە کراون کە لەم هەفتەیەدا رەوانە دەکرێن و جەختی کردەوە کە بەڕێوەبەرایەتییەکەی هەموو کارە پەیوەندیدارەکانی خۆی تەواو کردووە.
بەڕێوەبەری بازرگانیی ناوخۆ و پاراستنی بەکارهێنەر لە حەسەکە، جەختی کردەوە کە جووڵەی بازرگانی لە نێوان حەسەکە و پارێزگاکانی دیکەدا سەرەڕای سەختییە ئابوورییەکان بەردەوامە. هەروەها گوتی پرۆسەی یەکخستن نزیکەی هەزار فەرمانبەر دەگرێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا مووچەکانیان لە دیمەشقەوە وەربگرن.
دەقی چاوپێکەوتنەکە:
رووداو: ئێوە دۆخی ئێستای نرخەکان چۆن هەڵدەسەنگێنن، بەتایبەت بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەلە سەرەکییەکان گەیشتووەتە چ ئاستێک؟
د. شەوقی محەممەد: بە راستی بەگشتی دەتوانین بڵێین دۆخی بازاڕ ناجێگیرە. لەم کاتەدا زۆر هۆکار بۆ ئەم بابەتە هەن. ئەمەش کاریگەریی هەیە لەسەر توانای خەڵک بۆ کارکردن، واتە تواناکانیان لاواز دەکات. نرخەکان بەرەو گرانبوون دەچن و ئەوەش هۆکاری خۆی هەیە، وەک گرانبوونی نرخی سووتەمەنی، کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بازاڕ و نرخی کەلوپەلەکان بەگشتی هەیە. هەروەها کڕین و فرۆشتن بە دۆلاریش رۆڵی هەبوو لە بەرزبوونەوەی نرخەکاندا.
رووداو: واتە چەند لە سەدی نرخەکان گران بوون، بەتایبەت لە مانگی رابردوودا؟
د. شەوقی محەممەد: زیادکردنی تاریفەی گومرگیش کاریگەر بوو لەسەر نرخی کەلوپەلەکان. دەتوانین بڵێین، هەرچەندە ئاماری فەرمیمان لەبەردەست نییە، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونەکانمان، کەلوپەلە سەرەکییەکان لە 10٪ تا 25٪ نرخەکانیان بەرزبووەتەوە. نرخی وردەفرۆشی بەهۆی ئەوەی وەرزەکەیەتی کەمێک دابەزیوە، بەڵام نرخی شتە بنەڕەتییەکان وەک شەکر، برنج، زەیت و گۆشت، لە نێوان 10٪ تا 30٪ زیادیان کردووە.
رووداو: وەک بەڕێوەبەرایەتی، بەتایبەت لە لایەنی "تەموین" و دیاریکردنی نرخەکانەوە، چی دەکەن؟
د. شەوقی محەممەد: ئێمە لە سەرەتای پرۆسەی یەکخستنداین و سوود لە ئەزموونەکانی ناوەوەی سووریا وەک حەلەب و دیمەشق وەردەگرین. بەرنامەیەکمان بۆ ئەم بابەتە داناوە. بۆ نموونە بۆ نان، بەرنامەیەکی گشتیمان هەیە بە ناوی "بەرنامەی باشترین نان بۆ پارێزگای حەسەکە". لە لایەکی دیکەوە، خولی مەشق و راهێنان بۆ کارمەندانی تەموین دەکەینەوە بۆ ئەوەی کارەکانیان باشتر بکەن. دەمانەوێت لە چاودێرییە کلاسیکییەکە دەربچین و بەرەو بەڕێوەبردنێکی نوێ بچین بۆ ئەوەی خەڵک فێری پابەندبوون بە نرخەکان بکەین.
رووداو: بۆ چاودێریکردنی بازاڕ، چ میکانیزمێک دادەنێن بۆ رێگریکردن لە قۆرخکاری و یاریکردن بە نرخەکان؟
د. شەوقی محەممەد: وەک گوتم بەرنامەمان هەیە. رێگە نادەین قۆرخکاری لە بازاڕدا دروست بێت. لە کاتی قەیرانی گۆڕینی پارە و نرخی دۆلاردا، هەوڵمان داوە هەم هاوکاری لایەنە حکومییەکان بکەین و هەم رێکاری رێکخستنی نوێ لە ناو پارێزگاکە بگرینە بەر بۆ ئەوەی نرخەکان زۆر بەرز نەبنەوە.
رووداو: جووتیاران چاوەڕێی پارەکانیانن. ئەم پرۆسەیە گەیشتووەتە چ قۆناغێک؟ تا ئێستا چەند پارە دراوە و چەند تەرخان کراوە؟
د. شەوقی محەممەد: ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و دامەزراوەی گەنم، کارەکانی خۆمان تەواو کردووە. بەڵام هەندێک کێشەی تەکنیکی لەلایەن حکومەت و بانکەکانەوە هەیە. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 9 هەزار فاتوورەمان ناردووە بۆ دیمەشق و 20 هەزار فاتوورە ئامادەن. بەگشتی 35 هەزار فاتوورەن، کە لەم هەفتەیەدا تەواو دەبن. پارە تەرخان کراوە و کێشەی پارە نییە، تەنیا رێکارە تەکنیکییەکانی بانکەکان ماون.
رووداو: جووڵەی بازرگانی لە نێوان حەسەکە و پارێزگاکانی دیکەی سووریا چۆنە؟
د. شەوقی محەممەد: جووڵەی بازرگانی بەردەوامە، بەڵام هەندێک ئاستەنگی ئابووری هەن. جیاوازیی نرخی دۆلار لە نێوان ناوچەکانی ئێمە و ناوچەکانی دیکەی سووریا کاریگەری هەیە. هەروەها گرانبوونی نرخی مازۆت و سووتەمەنی کاریگەرییەکی زۆر بەهێزی لەسەر گواستنەوە و جووڵەی بازرگانی هەبووە.
رووداو: لە پارێزگای حەسەکەوە چی دەنێرن بۆ پارێزگاکانی دیکە؟
د. شەوقی محەممەد: ناوچەی ئێمە ناوچەیەکی کشتوکاڵییە. ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن و 160 هەزار تۆن گەنممان کڕیوە. زیاتر گەنم، لۆکە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەنێرین. لە بەرامبەردا دەرمان و کەلوپەلی کارەبایی دێتە ناوچەکەمان.
رووداو: یەکخستن (ئینتیگراسیۆن) لە نێوان لایەنەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر و وەزارەتەکانی سووریا گەیشتووەتە چ ئاستێک؟
د. شەوقی محەممەد: دامەزراوەی ئێمە زوو دەستی پێکرد و 95٪ـی کارەکان تەواو بوون. تەنیا هەندێک وردەکاریی بچووک وەک ناوی دامەزراوەکان و مووچە ماون. ئێستا ئێمە بووینەتە بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی ناوخۆ و دامەزراوەکانی گەنم و نانەواخانەکان و بازرگانی گشتی لە ژێر چەتری ئەودان.
رووداو: ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی کە یەک خراونەتەوە چەندە؟
د. شەوقی محەممەد: بە گشتی نزیکەی هەزار فەرمانبەرن لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی، دامەزراوەی گەنم، نانەواخانەکان و دامەزراوەی سووری بۆ بازرگانی. هەموویان دەخرێنە ناو ئەم پرۆسەی یەکخستنە.
رووداو: مووچەکانیان لە دیمەشقەوە وەردەگرن؟
د. شەوقی محەممەد: تا ئەمڕۆ وەرمان نەگرتووە، بەڵام کارەکان بەردەوامن و پێدەچێت لەم هەفتەیەدا مووچەکان وەربگرین.



