رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە هەڵکەندنی خەندەق و دروستکردنی ساتر لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندی تۆپزاوا کرد، دوو لیژنە لە دەستەی وەبەرهێنانی کەرکووک و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکان لێکۆڵینەوە لە کێشەکە دەکەن. سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی کەرکووکیش دەڵێت، وەبەرهێنەرێک لەژێر گوشاردا ئامێرەکانی پێداون بۆ هەڵکەندنی خەندەقەکان.
لیژنەیەکی دەستەی وەبەرهێنانی کەرکووک چوونە سەر زەوییەکانی گوندی تۆپزاوا بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لە کێشەی جووتیاران بکۆڵنەوە. جووتیارانی ناوچەکە سکاڵایان لای لیژنەکە تۆمار کرد و رایانگەیاند، وەبەرهێنەری پڕۆژەیەکی نزیک لە زەوییەکانیان، ئامێرەکانی (شۆفەڵ و حەفارە) داوەتە سوپای عێراق بۆ ئەوەی خەندەق و ساتر لەسەر زەوییەکانیان لێبدەن، لە کاتێکدا ئەوان هەموو بەڵگەنامەیەکی فەرمیی خاوەندارێتییان لایە زەوییەکان هی خۆیانە.
لەبارەی بەکارهێنانی ئامێری پڕۆژە وەبەرهێنانەکان لەو کێشەیەدا، دلێر زێدان، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی کەرکووک، دوای گوێگرتن لە جووتیاران و وەبەرهێنەری پڕۆژەکە، رایگەیاند: "بۆمان یەکلایی بووەوە هێزەکان لەژێر گوشاردا شۆفەڵ و حەفارەی وەبەرهێنەرەکەیان بەکارهێناوە بۆ هەڵکەندنی خەندەقەکە."
هێزە عێراقییەکان رووبەری نێوان 180 بۆ 200 دۆنم زەوییان دابڕیوە و دەڵێن "ئەو زەوییانە لەسەر وەزارەتی بەرگریی عێراقە"، بەڵام جووتیاران ئەوە رەتدەکەنەوە و بە هەوڵێک بۆ داگیرکاریی نوێی دەبینن.
هاوکات لەگەڵ لیژنەکەی وەبەرهێنان، لیژنەیەکی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکووکیش چوونە سەر زەوییەکان. ساتیع ناسیح، نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوا لەبارەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی ئەو لیژنەیە دەڵێت: "گوتیان ئەوەی دابڕێندراوە بە هەڵە بووە، چونکە ئەوان تەنیا سێ تاپۆیان هەیە کۆی گشتییەکەی دەبێتە 12 دۆنم، نەک ئەو رووبەرە گەورەیەی دایانبرێوە."
جووتیارانی کوردی ناوچەکە نیگەرانن لەو هەنگاوانەی سوپا و پێیان وایە "دەستگرتن بەسەر یەک بست زەویدا، سەرەتایەکە بۆ داگیرکاریی زیاتر." ئەوان جەخت دەکەنەوە تەنیا بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 3ی پەرلەمان رازی دەبن، تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی پێشوو، تاوەکو ماف بۆ خاوەنە رەسەنەکانی زەوییەکان بگەڕێتەوە.


