رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، سەردانێکی پارێزگاری کرماشانە بۆ وێستگەی کارەبای داڵاهۆ. بەدواداچوون بۆ کێشەی کەمیی کارەبا دەکات کە لە سەرەتای هاوینی ئەم ساڵەوە پارێزگاکەی گرتووەتەوە.
مەنووچێهر حەبیبی، پارێزگاری کرماشان دەڵێت: "ئێستا 600 مێگاوات کارەبا لە رێگەی وێستگەی گازییەوە دەچێتە نێو تۆڕی کارەباوە و یارمەتیی دابینکردنی وزەی وڵات دەدات. پشتیوان بە خودا، ئەوپەری تا مانگێکی دیکە، 300 مێگاوات کارەبای زیاتر لە رێگەی وزەی گەرمای بێ بەکارهێنانی سووتەمەنیی زیاتر بەرهەم دەهێندرێ و دەخرێتە ناو تۆڕی کارەباوە، کە ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ناهاوسەنگیی وزە."
لە 13ی تەمموزەوە، بە پێی خشتەی وەزارەتی وزەی ئێران، رۆژانە لە دوو بۆ سێ کاژێر کارەبا لەسەر خەڵک دەبڕدرێ.
لە پارێزگای کرماشان بڕانی کارەبا لە هەندێک رۆژدا تەنانەت پێنج کاژێریشی تێپەراندووە.
بەرپرسانی پارێزگاکە دەڵێن، لە پلانیاندایە توانای وێستگەکان پەرەی پێبدەن.
پارێزگاری کرماشان دەڵێت: "بابەتی گەشەپێدانی وێستگەی کارەبا بەدواداچوونی بۆ دەکرێت. پشتیوان بە خودا، بە هاوکاری هەژماری گەشەپێدانی نیشتمانی، سیستمی بانکی و هاوکاری و یارمەتیی وەزارەتی وزە، گەشەپێدانی وێستگەکە بە شێوەیەکی تایبەت دەخەینە نێو کارنامەی کارەکانمان."
پارێزگای کرماشان توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی دوو هەزار و 300 مێگاوات کارەبای هەیە، بەڵام بەهۆی پەیوەستبوونی بە تۆڕی کارەبای نیشتمانیی ئێرانەوە، پشکی لەنێوان 700 بۆ 900 مێگاواتی بۆ دیاریکراوە.
لە کاتێکدا بەکارهێنانی کارەبا لە وەرزی هاویندا لە پارێزگاکە دەگاتە زیاتر لە 1040 مێگاوات.
چوار وێستگەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی کارەبا لەو پارێزگایە هەن؛ وێستگەی داڵاهۆ 600-900 مێگاوات، وێستگەی بێستون 680 مێگاوات، وێستگەی زاگرۆس 550-650 مێگاوات و وێستگەی شائاباد 100 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن.
حکومەت پلانی هەیە، بەشێکی کورتهێنانی کارەبای پارێزگاکە بە بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە چارەسەر بکات.
جەعفەر ئولفەتینیا، بەڕێوەبەری کارەبای کرماشان دەڵێت: "سەبارەت بە وێستگەکانی وزەی خۆر، تاوەکو ئەمڕۆ کە لە خزمەتتاندام، توانیومانە توانای پارێزگاکەمان دوو هێندە بکەین. پێشبینی دەکەین تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، نزیکەی 30 مێگاوات کارەبای نوێبووەوە بێتە نێو تۆڕی کارەبای پارێزگاکە کە نزیکەی چوار هیندەی سەرەتای ئەم ساڵە."
وەک چارەسەرێکی کاتی، بەرپرسانی کرماشان بڕیاریان داوە، رۆژانی چوارشەممەی هەموو هەفتەیەک لە پارێزگاکە بکرێتە پشوو، بۆ ئەوەی کارەبای کەمتر بەکاربهێنرێت.

