رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایگەیاند، بە سێ مووشەک هێرش کراوەتە سەر بارەگاکانیان لە دۆڵی ئالانەی سنووری پارێزگای هەولێر. ئەندامێکی سەرکردایەتیی حیزبەکە دەڵێ، دوو برینداریان هەیە.
ئەمجەد حوسێن پەناهی، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ئەمڕۆ 11ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاژێر 01:20ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران جارێکی دیکە بە مووشەک هێرشی کردە سەر بارەگاکانمان".
ئەمجەد حوسێن پەناهی گوتی: "دوو بریندارمان هەیە، بەڵام برینەکانیان زۆر سووکە و دۆخی تەندروستییان باشە".
لە 28ـی شوباتەوە بە پاساوی جیاواز، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 960 مووشک و درۆن هێرشی کراوەتە سەر، لە ئەنجامدا 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و 156 کەسیش بریندار بوون، لەنێو ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە 19 پێشمەرگەی پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان هەن.



