رووداو دیجیتاڵ
نۆیەمین پێشانگای پەروەردە و خوێندن (EDEX) لە هۆتێل رۆتانا لە شاری هەولێر کرایەوە، کە تێیدا زیاتر لە 30 زانکۆ، پەیمانگە و کۆمپانیای تایبەت بە خوێندن لەنێوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەشدارن.
پێشانگاکە ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و ئامانج لێی ئاشناکردنی قوتابیان و خوێندکارانە بە دەرفەتەکانی خوێندن و ئاسانکاری بۆ دۆزینەوەی ئەو بوار و پسپۆڕییانەی کە ئارەزووی دەکەن، بەتایبەتی بۆ دەرچووانی پۆلی 12.
ئیبراهیم شەمزین، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی پێشانگاکە، بە رووداوی راگەیاند: "ئەمە نۆیەمین ساڵە پێشانگەی ئێدێکس دەکەینەوە. ئەمساڵ زیاتر لە 30 زانکۆ، پەیمانگە و کۆمپانیای خوێندن بەشدارن و ئۆفەر و خزمەتگوزارییەکانیان بۆ قوتابیان دەخەنەڕوو."
بەشێک لە بەشداربووان پەیمانگە ئەهلییەکانن. زەینەب عەباس، بەڕێوەبەری کار و چالاکییەکانی پەیمانگەی سی ئێم سی، دەڵێت: "چاوەڕێی فێرخوازان دەکەین بێن و بە ئۆفەرەکانمان ئاشنا بن. یەکێک لەو بەشانەی کە بۆ ئەم ساڵ دامانناوە، پەرستاریی ژووری نەشتەرگەرییە."
هاوکات، چەندین کۆمپانیاش بەشدارن کە کارئاسانی بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات دەکەن. سەجاد ئەلمامووری، سەرپەرشتیاری یەکێک لە کۆمپانیاکان، گوتی: "خزمەتگوزارییەکانی ئێمە بۆ پێشکێشکردنی داواکارییە لە وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا و کەنەدا. نەخشەڕێگەیەکی تایبەت بە قوتابیان دەدەین بۆ خوێندنی ماستەر، بەکالۆریۆس و دیپلۆم."
لە پێشانگاکەدا قوتابخانەیەکیش بەشدارە کە گرنگی بە فێرکردنی زمانی چینی دەدات. رۆئا ئیسماعیل، مامۆستای زمانی چینی، دەڵێت: "قوتابخانەکەمان لەسەر پرۆگرامی کامبریج کاردەکات و من قوتابییان فێری زمانی چینی دەکەم."
ژمارەیەکی زۆر لە دەرچووانی پۆلی 12 سەردانی پێشانگەکەیان کردبوو. دانیال یاسین، یەکێک لە قوتابییەکان، گوتی: "تازە پۆلی 12م تەواو کردووە و لەگەڵ هاوڕێکانم هاتووین بزانین لێرە چ ئۆفەرێکی زانکۆکان هەیە."
سیدرا سەدام، قوتابییەکی دیکە بوو کە پۆلی 12ـی زانستی تەواو کردووە و گوتی: "بەتەمام بچمە پەیمانگەی پەرستاری و هاتووم بۆ ئەوەی زانیاریی زیاتر وەربگرم."


