رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە یاسای "بەهێزکردنی تەبایی نیشتمانی و تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی" لە تورکیا دەکات.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "بە گەرمی پێشوازی لە پەسەندکردنی یاسای 'بەهێزکردنی تەباییی نیشتمانی و تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی" لە پەرلەمانی تورکیا دەکەم. ئەم هەنگاوە ئازایانەیە، وەرچەرخانێکی گرنگە بەرەو بەدیهێنانی ئاشتیيهكی بەردەوام و ئارامى و سەقامگیری لە توركيا و تهواوى ناوچەکەدا".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئێمە هەمیشە بڕوامان وایە ئاشتی و دیالۆگ دروستترين بژاردهن و سەردەمی چەک و چارەسەری سەربازی بەسەرچووە. ئەم یاسایە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ بنیاتنانی متمانە و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو پێکهاتەکانی تورکیا. پێويسته ههمووان پشتگيرى لێ بكهن و كار بۆ سهرخستنى ئاشتى بكهن".
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، "پێزانين و دەستخۆشی بۆ جەنابی سەرۆککۆماری تورکیا بەڕێز رەجەب تەییب ئەردۆغان و سەرجەم ئەو سهركرده و لایەنانە دووپات دەکەمەوە کە له بهديهێنانى ياساكهدا بەشدار بوون. وەک هەمیشە پشتیوانیی تەواوی هەرێمی کوردستان بۆ سەرخستنی ئاشتی و سەقامگیری دووپات دەکەینەوە".
رۆژی دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، دوای گفتوگۆیەکی چڕ کە نزیکەی 12 کاژێری خایاند، پەرلەمانی تورکیا پڕۆژەیاسای "بههێزكردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یهكگرتوویی كۆمهڵایهتی" خستە دەنگدانەوە. لە کۆی 562 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 468 پەرلەمانتار دەنگی "بەڵێ"یان بە پڕۆژەکە دا، لە بەرامبەردا 88 پەرلەمانتار دەنگی "نەخێر"یان دا و شەش دەنگی بێلایەنیش (بەتاڵ) هەبوون.
پەسندکردنی ئەم یاسایە دوای ساڵێک لە کاری بەردەوامی کۆمیسیۆنی پڕۆسەی چارەسەری دێت، کە تێیدا گوێ لە نزیکەی 140 کەسایەتی گیرا و چەندین کۆبوونەوەی تایبەت کران.
پڕۆژەیاساکە لە 12 ماددە پێکهاتبوو لەژێر ناوی "پێشنیازەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" پێشکەشکرابوو.

