رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی پۆلیسی ئامەد لە ئۆپەراسیۆنێکدا لەسەر رێگەی مێردین، لە ناو بەشێکی نهێنیی دروستکراو لە بەشی پشتەوەی بارهەڵگرێکدا 55 کۆچبەری نایاسایی ئەفغانییان دەستگیر کرد و قاچاخچییەکیشیان دەستبەسەر کرد.
شەوی چوارشەممە 18ی تشرینی دووەمی 2026 تیمەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیی کۆچبەران و دەروازە سنوورییەکان بە هاوکاریی هۆبەی هەواڵگری لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای ئامەد، بارهەڵگرێکیان لەسەر رێگەی مێردین لە خاڵی پشکنیندا راگرت.
لە کاتی پشکنینی بارهەڵگرەکەدا دەرکەوت کە لە بەشی پشتەوەی بارهەڵگرەکەدا کە درێژییەکەی 13 مەترە، بەشێکی نهێنی بە بەرزیی یەک مەتر و پانیی 2.5 مەتر دروستکراوە.
لە پشکنینی ناو ئەو بەشە نهێنییەدا 55 کۆچبەری نایاسایی هەڵگری وڵاتینامەی ئەفغانستان دۆزرانەوە و دەستگیرکران، هاوکات کەسێک دەستبەسەر کرا کە ئاماژە بەوە کراوە قاچاخچێتیی کۆچبەرانی رێکخستووە.
پارێزگاکانی باکووری کوردستان، لەوانە ئامەد و مێردین، بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیانەوە دەکەونە سەر رێڕەوی سەرەکیی تێپەڕبوونی ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی لە رێگەی سنوورەکانی رۆژهەڵاتەوە دەچنە ناو تورکیا بە مەبەستی گەیشتن بە ئیستەنبووڵ، شارەکانی رۆژاوای تورکیا و وڵاتانی ئەورووپا.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، تەنیا لە 10 مانگی ساڵی 2026ـدا زیاتر لە 120 هەزار کۆچبەری نایاسایی لە تورکیا دەستگیر کراون، هاوکات هێزە ئەمنییەکان رێکارەکانی پشکنینیان لەسەر رێگە نێوان شارەکان تووندتر کردووەتەوە بۆ ئاشکراکردنی ئەو شێوازە جۆراوجۆرانەی قاچاخچییەکان بۆ شاردنەوەی کۆچبەران لە ناو بارهەڵگرەکاندا بەکاریان دەهێنن. بەپێی ماددەی 79ـی یاسای سزاکانی تورکیاش، تاوانی قاچاخچێتیی کۆچبەران سزای زیندانیکردن و پێبژاردنی دارایی بەدواوەیە.


