رووداو دیجیتاڵ
یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە)، کە باڵی سەربازیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، کوژرانی ئەندامێکی سوپای پاسدارانی لە شاری مهاباد گرتەئەستۆ و رایگەیاند، ئەو کارە وەک "تۆڵەسەندنەوە" بووە.
رۆژی پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، یەرەکە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە تێیدا ساتی کوژرانی کەسێک بە ناوی (عومەر دێهقان) دەردەکەوێت. یەرەکە لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ناوبراو دەستی هەبووە لە "شەهیدکردنی چوار گەریلای پەژاک" و هۆشداریش دەداتە ئەو کەسانەی دیکە کە هاوکاریی سوپای پاسداران دەکەن و دەڵێت: "ئەوانیش با چاوەڕێی تۆڵە بن."
رۆژی شەممەی رابردوو، 8ـی ئابی 2026، عومەر دێهقان لە کاتی کارکردن لە نێو کێڵگەیەکی کشتوکاڵیدا کوژرا. لە سەرەتای رووداوەکەدا بەشێک لە میدیاکانی ئێران وەک "جووتیارێکی سڤیل" ناویان برد، بەڵام لە کاتی بەخاکسپاردنیدا ژمارەیەک لە فەرماندە و ئەندامانی سوپای پاسداران ئامادە بوون و وەک ئەندامێکی سوپا ناسێندرا.
لەمبارەیەوە، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) بڵاویکردەوە: "عومەر دێهقان ئەندامی سوپای پاسداران بووە و لەلایەن گرووپە دژە شۆڕشەکانەوە کوژراوە."
پێش بڵاوبوونەوەی راگەیێندراوەکەی یەرەکە، هەندێک لە میدیاکانی دەرەوەی ئێران بڵاویان کردبووەوە کە گرووپێکی نەناسراو بە ناوی "خۆری هیوا" کوژرانی ئەو ئەندامەی سوپای پاسدارانیان گرتووەتە ئەستۆ.
عومەر دێهقان خەڵکی گوندی "گاگەشی خوارێ" بووە لە نزیک شاری مەهاباد. ماوەی 7 ساڵ بووە وەک چەکداری "بەسیج" یان ئەندامی سوپای پاسداران لە بنکەی سەربازیی گوندەکەیاندا کاری کردووە.



