رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی کەرکووک کە سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عێراقە، بڕیاری یەکپۆشی دەرکرد کە هاوشێوەی ساڵانی رابردووە و خوێندنی کوردی دەڵێن: "پابەند نابین."
سامان مەجید، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارەکە بۆ سەرجەم بەشەکانی سەر بە پەروەردەی کەرکووکە بە خوێندنی کوردیشەوە، هەر قوتابخانەیەک پابەند نەبێت رووبەڕووی رێکاری ئیداری و یاسایی دەکرێتەوە."
مامۆستا سامان مەجید گوتیشی: "کراسی سپی و پانتۆڵ و سەدرییەی رەساسی یان نیللی لە پەروەردەی کەرکووک بڕیاری لێدراوە و دەبێت سەرجەم قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک بەو یەکپۆشییەوە پابەند بن."
لەلایەکی دیکەوە مامۆستا کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە پەروەردەی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە پابەندی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی کوردستانین سەبارەت بە یەکپۆشی، کار بە بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق ناکەین."



