رووداو - دیجیتاڵ
لە کۆمەڵگەی چرە لە سنووری قەزای شێخان، ململانێیەک لەسەر چوار هەزار و 212 دۆنم زەوی لە نێوان خاوەن زەوییەکان و جووتیاراندا دروستبووە. ئەم کێشەیە کە لە ساڵی 2018ـەوە بەردەوامە، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر 800 فەرمانبەردا پەکخستووە و تاوەکو ئێستاش بووەتە هۆی کوژرانی دوو کەس و برینداربوونی 10ی دیکە.
شەهوان لوقمان، وەک نوێنەری ماڵی ''وەردەک" (لایەنی یەکەمی کێشەکە) دەڵێت، ئەوان خاوەنی رەسەنی زەوییەکەن و تاپۆی کۆن و نوێیان بەدەستەوەیە. شەهوان بە رووداوی راگەیاند: "دادگە لە بەرژەوەندیی ئێمە بڕیاری داوە، بەڵام لایەنی بەرامبەر ناهێڵن دەستکاری زەوییەکە بکەین. ئێمە لاریمان نییە زەوییەکە بدرێتە فەرمانبەران، بەڵام بە مەرجێک حکومەت بەپێی یاسا قەرەبوومان بکاتەوە و زەوییەکانمان بکوژێنێتەوە."
جووتیارانی کۆمەڵگەکە (لایەنی دووەم) پشت بە بەڵگەنامەیەکی ساڵی 1983 دەبەستن. وریا مەجید، نوێنەری جووتیاران دەڵێت: "بەگوێرەی بڕیارێکی وەزارەتی دادی عێراق، ئەم زەوییانە لەسەر ناوی شارەوانیی مرێبا تۆمارکراون نەک کەسانی دیکە. ئێمە دەمانەوێت بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران جێبەجێ بکرێت و زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێت، بەڵام قەرەبووکردنەوەی لایەنی یەکەم رابگیرێت تاوەکو کێشەکە بە یەکجاری چارەسەر دەبێت."
شارەوانی چاوەڕێی بڕیارە شارەوانیی چرە ئامادەکاریی تەواوی کردووە بۆ ئەوەی فەرمانبەران لەو زەوییانە سوودمەند بن. ناوی نزیکەی 800 فەرمانبەر رەوانەی شارەوانی کراوە و لە ساڵی 2024ـەوە نەخشە بۆ نزیکەی دوو هەزار پارچە زەوی ئامادە کراوە.
ئیدریس تەیب، سەرۆکی شارەوانیی چرە لەو بارەیەوە گوتی: "ئێمە هەموو کارەکانمان تەواو کردووە و تەنیا چاوەڕێی بڕیارێکی فەرمین بۆ ئەوەی زەوییەکە بکوژێندرێتەوە و بێتە سەر ناوی شارەوانی، تاوەکو بتوانین بەسەر فەرمانبەراندا دابەشی بکەین."
تێچوویەکی مرۆیی قورس ئەم کێشە یاسایی و کۆمەڵایەتییە تەنیا لە چوارچێوەی نووسراوەکاندا نەماوەتەوە، بەڵکو گرژییەکانی نێوان هەردوو لایەن لە ساڵانی رابردوودا گەیشتووەتە ئاستی شەڕی چەکداری، کە بەهۆیەوە دوو کەس لە هەردوولا کوژراون و 10 کەسی دیکەش بریندار بوون. ئێستا فەرمانبەرانی ناوچەکە چاویان لەوەیە حکومەت بە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە کۆتایی بەم کێشە مێژووییە بهێنێت.



