رووداو دیجیتاڵ
منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵان لە ناحیەی وەرتێی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەهۆی پەککەوتنی بۆماوەیی جگەر و گورچیلەکانییەوە ژیانی لە مەترسیدایە. باوکی منداڵەکە لە رێگەی رووداوەوە داوای هاوکاری دەکات و پزیشکێکیش دەڵێت، تێچووی نەشتەرگەرییەکەی نزیکەی 60 هەزار دۆلارە.
میدیا محەممەد، ئەو کچە تەمەن پێنج ساڵانەیە کە تووشی نەخۆشیی "زۆربڵقیی گورچیلەکان" (Polycystic kidney) بووە و بەهۆیەوە جگەر و گورچیلەکانی لەکارکەوتوون. محەممەد حاجی، باوکی میدیا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کچەکەم گەشەی وەستاوە و سپڵی ئاوساوە، رێژەی کارکردنی گورچیلەکانی بۆ 30% دابەزیوە و پزیشکەکان دەڵێن دەبێت بەپەلە نەشتەرگەریی چاندنی جگەر و گورچیلەی بۆ بکرێت."
باوکی میدیا کە کارمەندی پاسەوانی سنوورە، دەڵێت بەهۆی نەبوونی و باری داراییەوە ناتوانێت تێچووی نەشتەرگەرییەکە دابین بکات: "من نە خانوو و نە ئۆتۆمبێلی خۆمم هەیە، تێچووی ئەم نەشتەرگەرییە زۆر لە سەرووی توانای منە، بۆیە هاواری هاوکاری دەگەیەنمە خێرخوازان و بەرپرسان بۆ رزگارکردنی ژیانی کچەکەم."
سەبارەت بە ئاڵۆزی و تێچووی ئەم کەیسە، د. جنان وەدیع زۆرا، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری، بە رووداوی راگەیاند: "ئەم کەیسە یەکێکە لە نەشتەرگەرییە ئاڵۆزەکان، چونکە پێویستی بە دوو بەخشەری جیاواز هەیە (یەکێک بۆ جگەر و یەکێک بۆ گورچیلە)، بەمەش پرۆسەکە لەجیاتی دوو نەشتەرگەری دەبێتە سێ نەشتەرگەریی هاوکات."
د. جنان ئاماژەی بەوەش کرد، تێچووی ئەم سێ نەشتەرگەرییە لە کەرتی تایبەت نزیکەی 60 هەزار دۆلار (90 ملیۆن دینار)ە، کە خەرجیی مانەوەی 15 رۆژ لە نەخۆشخانە و پێنج رۆژ لە چاودێریی چڕ (ICU) و پشکنینەکانی رۆژانە لەخۆدەگرێت، بەو مەرجەی هیچ ئاستەنگێکی دیکەی تەندروستی نەیێتە پێشەوە.
لە لایەکی دیکەوە، د. بڵند سیروان و د. عەبدوڵڵا سەعید دیلمانی، پزیشکانی پسپۆڕ، جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە پێویستی بە تیمێکی سەربەخۆ و پسپۆڕی جیاواز هەیە و لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا ئەو ئاسانکارییە بەردەست نییە، بۆیە تاکە بژاردە کەرتی تایبەت یان دەرەوەی وڵاتە.



