رووداو دیجیتاڵ
کەژاوەی دەستەی کۆمەک بۆ فەڵەستین کە لەلایەن (کەشتیگەلی نێودەوڵەتیی خۆڕاگری) پێکهێنراوە و نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر بۆ گەیاندنی هاوکاری کۆمەک بۆ فەڵەستین، لە بۆسنەوهێرسکەوە بەڕێکەوتوون، لە رۆژی سێشەممەوە لە ناوچەی سنووریی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان گیریان خواردووە.
کەژاوەکە لە شەش پاس و 25 ئۆتۆمبێل پێکدێت. 313 کەسن لە 20 وڵاتی جیاوازەوە کە زۆربەیان چالاکڤانن.
ئەوان دەڵێن حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرگەی لێ داخستوون و ناتوانن بینەژوورەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێ، بەشێکیان ڤیزەی ترانزیتیان نییە و بابەتەکە لای حکومەتی عێراقە، هەرچی حکومەتی عێراقە دەڵێت دەروازەکە لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا نییە.
کەژاوەکە حەوت وڵاتی بڕیوە و ئێستا لە بەردەم دەروازەی ئیبراهیم خەلیل راگیراوە. ئەندامانی دەستەی کۆمەک بۆ فەڵەستین لەسەر پردی خابوور کە ناوچەی سنووریی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیایە ماونەتەوە.
یاشار یاڤوز کە چالاکڤانە و لەگەڵ کەژاوەکەدایە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای تێپەڕینمان لە حەوت وڵات، گەیشتینە هەرێمی کوردستانی عێراق. لە دەروازەی خابوور دەرچووین. دواتریش گەیشتینە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلی هەرێمی کوردستان. کاروبارەکانمان رایی کران و سەیری پاسپۆرتیان کردین. دواتر گوتیان چاوەڕێ بکەن. دواتر پاسپۆرتەکانیان کۆکردینەوە، دوای ئەوەی بۆیان گەڕاندینەوە بینیمان چوونەژوورەوەمان هەڵوەشێندراوەتەوە. لەوکاتەوە لێرە چاوەڕێ دەکەین. چالاکڤانانمان لە هەلومەرجێکی سەختدا چاوەڕێ دەکەن".
یاڤوز رایگەیاند کە دەزانێ خەڵک و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە بابەتی غەززە و فەڵەستیندا زۆر هەستیارن و گوتی: "هەر لەبەر ئەوەشە تێناگەین کە بۆچی ئێمە ئەو هەموو کاتە لێرە لە چاوەڕوانیداین؟ تکا لە بەرپرسانی حکومەتی عێراق و بەرپرسانی حکومەتی عێراق دەکەین، چی زووە مۆڵەتی تێپەڕینمان بۆ دەربکەن".
یەکێکی دیکە لە ئەندامانی دەستەی کۆمەک بۆ فەڵەستین بەناوی مەروە نور رایگەیاند بەڵگەنامە و ریکارە یاساییەکانیان تەواون و گوتی: "ئێمە تەنیا بە ئاشتیانە و مەدەنییانە داوای رێپێدان دەکەین. لەگەڵ گرژیدا نین و داوای شتێکی تایبەتیش ناکەین".
ئیبراهیم خەلیل: ڤیزەی عێراقیان نییە
لەمبارەیەوە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل بە تۆری میدیایی رووداوی راگەیاند، بەشێکیان ڤیزەی ترانزێتی عێراقیان نییە و کێشەکە لای وەزارەتی نێوخۆی عێراقە، نەوەک هەرێمی کوردستان.
هەروەها د سامی جەلال، راوێژکاری یاسایی لە وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان بە تۆری میدیایی رووداوی راگەیاند، پێویستە هەموویان ڤیزەی عێراقیان هەبێت، چونکە ڤیزەی ترانزێت تایبەتە بە گواستنەوەی بار و گوتی :"بەگوێرەی یاسا، هیچ کەسێک ناتوانێت بە بێ ڤیزە بێتە ناو هەرێمی کوردستان و عێراق".
ئەمە لەکاتێکدایە ئەو کەژاوەیە پلانی وایە لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بێتە ناو هەرێمی کوردستان، دواتریش بەرەو ئوردن بچێت و بگاتە فەڵەستین. جا بۆ ئەوەی بگاتە ئوردن، دەبێت بچێتە ناو سنووری عێراقیش.
بەرپرسانی حکومەتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، کە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
" لە کەرتی رۆژئاوا هەوڵی دروستکردنی غەززەیەکی نوێ دەدرێت"
فورقان چاڵشکان کە رۆژنامەڤانە و لەگەڵ کەژاوەکەیە، بە رووداوی گوت:"ورەمان بەرزە و لەو باوەڕەین دەگەینە کەرتی رۆژئاوا. لە کەرتی رۆژئاوا هەوڵی دروستکردنی غەززەیەکی نوێ دەدرێت. ئێمە لە دژی سیاسەتی تاڵانکاری و دزیی ئیسرائیل کەوتووینەتە رێ. لە بۆسنە و هەرسکەوە 5500 کیلۆمەتر رێگەمان بڕیوە و هاتووینەتە ئێرە".
داود تاشکا کە ئەویش ئەندامی دەستەی کۆمەک بۆ فەڵەستینە رایگەیاند، لەکاتێکدا خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراقیش لە بابەتی فەڵەستیندا هەمان تێڕوانینیان هەیە، نەگونجاوە کەژاوەی کۆمەک بۆ فەڵەستین لە بەردەم دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە چاوەڕوانیدا بێت.
هاوکات پشتڕاستی ئەوەی کردەوە کە هەولێر و بەغداش هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کۆمەک بۆ فەڵەستین نییە و گوتی: "نە هەرێمی کوردستان و نە بەغدا، باوەڕناکەین لەگەڵیاندا رووبەڕووی دۆخێکی وەها ببینەوە. بە ئارامییەوە چاوەڕێین و پەنا بەخوا ئەو پێگەیەی دەستوەردانی کردووە دەردەکەوێت".
دەستەی کۆمەک بۆ فەڵەستین داوا لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکات، رێگەی تێپەڕینیان بدەن.
کەشتیگەلی نێودەوڵەتیی خۆڕاگری
دەستپێشخەرییەکی دەریایی نێودەوڵەتییە، لە ناوەڕاستی ساڵی 2025دا بە مەبەستی شکاندنی ئەو گەمارۆیەی ئیسرائیل خستوویەتییە سەر کەرتی غەززە، دەستی بە چالاکییەکانی کرد.
ناوەکەی لە وشەی "سمود"ی عەرەبییەوە وەرگیراوە کە بە واتای "خۆڕاگری" یان "بەرگەگرتن" دێت. ئەم دەستپێشخەرییە لە تەممووزی 2025دا و لە کاتی جەنگی غەززەدا، لەلایەن چەند رێکخراوێکی وەک (هاوپەیمانیی کەشتیگەلی ئازادی) ، (بزووتنەوەی جیهانی بۆ غەززە) و (کەشتیگەلی سمودی مەغریب) رێکخرا. کەشتیگەلەکە لە زیاتر لە 50 کەشتی پێکهاتووە کە هەزاران بەشداربووی پتر لە 44 وڵات لەخۆدەگرێت، ئەمەش دەیکاتە گەورەترین کاروانی دەریایی بە سەرکردایەتیی مەدەنی لە مێژوودا.
هەندێک هەوڵ بۆ شکاندنی گەمارۆی ئیسرائیل پێش ساڵی 2010 سەرکەوتوو بوون، بەڵام لەو کاتەوە کەشتییەکان لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە رێگرییان لێکراوە یان هێرشیان کراوەتە سەر. لە دوایین پێشهاتدا، حوزەیرانی 2025 هێرشکرایە سەر کەشتیی فریاگوزاریی (مادلین)، تەممووزی 2025 هێرشکرایە سەر کەشتیگەلی ئازادیی غەززە و مایسی 2025یش کەشتییەکی دیکە بە درۆن هێرشی کرایە سەر.
ئەم دەستپێشخەرییە پشتگیریی لەلایەن چەندین وەزیری دەرەوە، سیاسەتڤان و پارتە سیاسییەکانی ئیتاڵیا، پەرلەمانتارانی ئیسپانیا و پورتوگال، گوستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا بەدەستهێنا.



