رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە کۆتایی مانگی رابردوو و سەرەتای ئەم مانگە دەنگۆیەک بڵاوکرایەوە، ئەمریکا سیستمی بەرگریی پاتریۆتی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کشاندووەتەوە، بەڵام سەرچاوەیەک دەڵێت، زیاتر لە سیستمێکی بەرگری هەولێر دەپارێزن.
رۆژی هەینی، 14ـی ئابی 2026، دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، کاژێر 02:17 تاوەکو 02:25ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزەکانی هاوپەیمانان سێ درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکاند و خستە خوارەوە.
بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراون و کاتی خستنە خوارەوەی درۆنەکانە، ئەو سیستمە بەرگرییەی تێکیان دەشکێنێت سیستمی بەرگریی سی رام (C-RAM) نییە. بەرپرسێکی ئاگادار دەڵێت: "ئەوەی درۆنەکانی تێکشکاند سیستمی پاتریۆت و سی رام نییە و سیستمێکی دیکەیە."
سەرچاوەکەی رووداو گوتی: "ئەوەی درۆنەکانی تێکشکاندووە سیستمێکی بەرگریی ئاسمانییە و چالاکە بۆ پاراستنی ئاسمانی هەولێر، سیستمەکە جیایە لە سیستمی سی رام و پاتریۆت، بۆ پاراستنی ئاسمان تەنیا دوو سیستمی بەرگری نین و سیستم زۆرن، ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئاسمانی هەولێر بە زیاتر لە سیستمێک دەپارێزرێت."
یەکەمی ئاب ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایانگەیاندووە، سوپای ئەمریکا دەستی کردووە بە کشانەوەی هێزەکانی کە لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر جێگیرکرابوون، هەروەها سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت کە بۆ تێکشکاندنی مووشەک و درۆن بەکاردەهێندرێن لە بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا نەهێڵدراون.
سیستمەکانی بەرگری لە ئاسمانی هەولێر بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان جێگیرکراون، بەڵام هەرێمی کوردستانیش سوودێکی زۆری لەو چەترە ئەمنییە بینیوە، بەتایبەتی لە دەستپێکی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی ئەمساڵ تاوەکو ئەمڕۆ.
لە دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 970 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، زیاتر لە 670 درۆن و مووشەکیان ئاراستەی هەولێر و دەوروبەری کراون و زۆرینەیان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە تێکشکێندراون.

.jpg&w=3840&q=75)