رووداو دیجیتاڵ
مەهدی زانا، سیاسەتڤانی کورد و هاوژینی لەیلا زانا، بەهۆی تێکچوونی تەندروستییەوە رەوانەی نەخۆشخانە کرا. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن، تەندروستیی جێگیر نییە و لە ژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایە.
مەهدی زانا ماوەیەکی زۆرە بەدەست نەخۆشیی سییەکانەوە دەناڵێنێت. ئەمڕۆ هەینی، دوای ئەوەی بەشێوەیەکی لەناکاو تەندروستیی تێکچوو، گەیێندرایە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە شاری ئامەد. پزیشکەکان بڕیاریان دا لە بەشی چاودێریی چڕ بیخەوێنن بۆ ئەوەی چارەسەری پێویست وەربگرێت.
بایرام بۆزیێل، سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان، سەردانی مەهدی زانای لە نەخۆشخانە کرد و لە نزیکەوە لە تەندروستیی پرسی. بۆزیێل لەبارەی تەندروستیی ئەو هاونیشتمانییەوە گوتی: "لە نەخۆشخانەی (گێنیسیس) لە ئامەد سەردانی مەهدی زانامان کرد و لەگەڵ خێزانەکەی قسەمان کرد. پزیشکەکان بە وردی و بە بایەخەوە چاودێری دەکەن. هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ دەخوازین."
مەهدی زانا لە ساڵی 1940 لە ناوچەی فارقینی ئامەد لەدایکبووە، لە ساڵانی 1978-1980 وەک سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەد خزمەتی کردووە.
مەهدی زانا یەکێکە لە کەسایەتییە ناسراوەکانی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە باکووری کوردستان، دوای کودەتای 12ـی ئەیلوولی 1980 دەستگیرکرا و چەندین ساڵ لە زیندانی ئامەد بوو.
مەهدی زانا جگە لە ژیانی سیاسی، بە کتێبە بەناوبانگەکەی (چاوەڕوانبە دیاربەکر) ناسراوە، کە تێیدا باسی نەهامەتییەکانی زیندان دەکات.
مەهدی زانا هاوژینی سیاسەتڤانی ناسراوی کورد (لەیلا زانا)یە و باوکی دوو منداڵە بە ناوەکانی رووکەن و رۆنای.


