رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو 14-8-2026, لە گەڕەکی عرووبەی قەزای گوڵاڵە لە پارێزگای دیالە، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە ماڵێکدا، دایکێک و سێ منداڵی گیانیان لەدەستدا.
قوربانییەکان بریتین لە دایکێکی تەمەن 25 ساڵ و سێ منداڵی کە دوو کچی تەمەن چوار و دوو ساڵان و کوڕێکی تەمەن یەک ساڵ بوون. دوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی سووتاوییەکەیان دوای 17 کاژێر گیانیان لەدەستدا.
داود سلێمان، باپیرەی منداڵەکان، بە رووداوی گوت: "رەحمانی کوڕە گەورەکەم لە خەو راچڵەکی و هاتە لام و گوتی باوکە ژوورەکە سووتا. گوتم کوڕەکەم لە کوێ سووتا؟ نە هەورەبانمان هەیە نە شۆرتی کارەبا، چۆن روویدا؟"
عەمید هەیسەم سەلمان شەمەری، گوتەبێژی پۆلیسی دیالە بە رووداوی رایگەیاند: "ژنەکە سکاڵای لە هاوژینەکەی کردبوو بەهۆی هەبوونی کێشەی خێزانی. کاژێر 5:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، سێ منداڵیان کە تەمەنیان لەنێوان یەک بۆ سێ ساڵان بوو، گیانیان لەدەستدا."
گوتەبێژی پۆلیسی دیالە گوتیشی: "هاوژینەکەی، کە باوکی منداڵەکانە، ئێستا دەستبەسەرە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت."
بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، دایکەکە و سێ منداڵەکەی بە نەوت سووتاون. تاوەکو ئێستا بەتەواوی روون نییە کە دایکەکە خۆی و منداڵەکانی سووتاندووە یان هاوژینەکەی ئەو کارەی کردووە، بۆیە لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری رووداوەکە بەردەوامن.

