رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانیان لەلایەن ئیدارەی کەرکووکەوە کە بڕەکەی 270 ملیار دینارە، بەڵێندەران کارکردنیان لە نزیکەی 400 پڕۆژەی خزمەتگوزاریدا راگرتووە.
بەکر حەسەن، یەکێک لەو بەڵێندەرانەیە کە سێ پڕۆژەی لە کەرکووک تەواو کردووە، بەڵام ماوەی سێ ساڵە چاوەڕێی وەرگرتنەوەی پێنج ملیار دینارەکەیەتی لە ئیدارەی پارێزگاکە.
بەکر حەسەن بە رووداوی گوت: "90%ـی بەڵێندەران، بەتایبەتی ئەوانەی پڕۆژەی گەورەیان لە ئەستۆ گرتووە، قەرزاری بازاڕن. زۆربەیان ئەگەر ئێستاش پارەکانیان وەربگرنەوە، تەنیا دەتوانن قەرزەکانیان پێ بدەنەوە و هیچیان بۆ نامێنێتەوە، چونکە ئەمجارە زۆری خایاند و خاوەن قەرزەکانیش چیتر ناتوانن چاوەڕێ بکەن."
نەوزاد ئەنوەر، سەرۆکی لقی کەرکووکی یەکێتیی بەڵێندەرانی عێراق، رەخنە لە حکومەتی خۆجێی و حکومەتی عێراق دەگرێت و دەڵێت: "ئەوەی حکومەت لەگەڵ بەڵێندەرەکانی کردوویەتی، دەتوانم بڵێم هەڵخەڵەتاندنیان بوو. ئەمەش بووەتە هۆکارێک کە نە حکومەت بتوانێت پارەکە بدات، نە پڕۆژەکان تەواو ببن و نە پارەش بۆ بەڵێندەر بمێنێتەوە."
ماوەی دوو ساڵە ئیدارەی کەرکووک هیچ بودجەیەکی بۆ تەرخان نەکراوە و قەرزی بەڵێندەرەکانیش کەڵەکە بووە. لە بەرامبەردا، بەغدا بەڵێنی داوە بە چەند قۆناغێک بەشێک لەو قەرزانە بداتەوە.
رێبوار تەها، جێگری پارێزگاری کەرکووک، لەوبارەیەوە گوتی: "وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق پلانێکی داناوە کە هەموو مانگێک بڕە پارەیەک بە بەڵێندەران بداتەوە. ئەوەی بە ئێمە گوتراوە، هەموو مانگێک بڕی یەک تریلیۆن دینار بەسەر بەڵێندەرانی پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت."
ئەو 400 پڕۆژەیەی کارکردن تێیاندا وەستاوە، چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی وەک دروستکردنی رێگەوبان، قوتابخانە، بنکەی تەندروستی، باخچە و یاریگەی وەرزشی لەخۆدەگرن.


