رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، پرۆسەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە ئێستا خانەنشینن و بۆ ئەو مەبەستەش مانگانە نزیکەی 70 ملیار دینار پێویستە.
رۆژی یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، دکتۆر ماکوان جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، بە رووداوی رایگەیاند: "پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران ئەوانەش دەگرێتەوە کە خانەنشین بوون؛ هەموو پلەکانیان بۆ دەگەڕێندرێتەوە و ئەوەش کاریگەریی لەسەر مووچەی خانەنشینییان دەبێت، چونکە جارێکی دیکە لەسەر بنەمای پلە بەرزکردنەوەکەیان، پێداچوونەوە بە مووچەکانیاندا دەکرێت."
لەبارەی تێچووی دارایی ئەم پرۆسەیەوە، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە ئاماژەی بەوە کرد: "پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران پێویستی بە نزیکەی 60 بۆ 70 ملیار دینارە. ئێمە هەموو وردەکارییەکانمان ئامادە کردووە و ناهێڵین مافی هیچ فەرمانبەرێک بفەوتێت."
دکتۆر ماکوان جەمیل باسی لەوەش کرد کە بەگوێرەی یاسای ژمارە 22ـی ساڵی 2008 (یاسای مووچە)، چوار مەرج بۆ پلە بەرزکردنەوە هەن کە ئەوانیش (شوێنی بەتاڵ، تەواوکردنی ماوەی یاسایی، توانای پێویست و سەلماندنی توانا)ـن، بەڵام جەختی کردەوە کە "ئەم هەنگاوەی ئێمە لەپێناو گەڕانەوەی مافی فەرمانبەرانە. حکومەتی عێراق دەڵێت وەک یەک مامەڵە لەگەڵ هاونیشتمانییان دەکەین، بۆیە پێویستە لە یاسای بودجەدا وەک فەرمانبەرانی خۆیان مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش بکەن."
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت، کە رۆژی 13ـی ئەم مانگە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان گشتاندنێکی فەرمی بە واژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی، ئاراستەی هەموو وەزارەت و دەستەکان کرد بۆ دەستپێکردنەوەی رێکارەکانی پلە بەرزکردنەوەی سەرجەم فەرمانبەران لە پلە (دە) تاوەکو پلە (یەک) و دیاریکردنی وادەی کۆتایی بۆ تەواوکردنی کارەکان.
بەپێی بڕیارەکە، سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی لە ساڵانی رابردوو پلە بەرزکردنەوەیان راگیرابوو، مافەکانیان بۆ هەژمار دەکرێت و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.


