رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات، لە کاتی ئاڵۆزبوونی دانوستاندنەکاندا و نەمانی کەناڵی پەیوەندی لەنێوان واشنتن و تاراندا، ئیدارەی ئەمریکا پەنای بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بردووە بۆ ئەوەی نێوەندگیرییان لەنێواندا بکات، لەبەر ئەوەی لەلایەن کۆشکی سپی و سوپای پاسدارانیشەوە متمانەی پێ دەکرێت.
دەقی راپۆرتەکەی ئەکسیۆس:
لەنێو کەناڵە نهێنییەکەی ترەمپەوە بۆ پەیوەندیکردن بە سوپای پاسدارانەوە
لە نێوەڕاستی مانگی ئایاردا، دانوستاندنکارانی ئەمریکا کە هەوڵیان دەدا لەگەڵ ئێران بگەنە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، رووبەڕووی کێشەیەک بوونەوە، ئەوان نەیاندەزانی ئایا ئەو کەسانەی لەبەرامبەریان دانیشتوون بەڕاستی نوێنەرایەتیی سوپای بەهێزی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن، یان نا.
بۆیە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ کارێکی نائاساییان کرد — ئەوان دانوستاندنکارانی ئێرانیان پشتگوێ خست و راستەوخۆ پەیوەندییان بە سەرکردایەتیی سوپای پاسدارانەوە کرد. ئەو کەسەی بۆ ئەم کەناڵە نهێنییە دەستنیشانیان کرد، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو لە عێراق، کە شتێکی هەبوو کەم کەسی دیکە هەیەتی: ئەویش متمانەی سەرکردایەتیی ئەمریکا و سوپای پاسداران بوو.
بۆچی گرنگە: ئەم رووداوە کە لەلایەن سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە بە وردی گێڕدراوەتەوە و پێشتر لە میدیا بڵاونەکراوەتەوە، دەریدەخات کە دانوستاندنەکانی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتێک چەندە ئاڵۆز بووە کە واشنتن دڵنیا نییە بەدیاریکراوی کێ تێیدا بڕیار بەدەستە. هەریەک لە ئەمریکا و ئێران گەیشتنە یاداشتێکی لێکتێگەیشتن، بەڵام بەخێرایی هەرەسی هێنا.
کێشەی سەرەکیی ئیدارەی ترەمپ لە ئێستا و لە هەر دانوستاندنێکی داهاتووشدا ئەوەیە، دڵنیا بێت لەوەی قسە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکات کە بەڕاستی خاوەن بڕیارن. ئەمەش واتە دۆزینەوەی ئەو نێوەندگیرانەی کە هەم کۆشکی سپی و هەم رژێمی ئێران متمانەیان پێیان هەیە.
وێنە گشتییەکە: شەڕەکە سەرکردایەتیی ئێرانی سەرەوژێر کرد. کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵا و سەرکردە سیاسییە باڵاکانی دیکە و ئەو 40 رۆژەی شەڕ کە بەدوایدا هات — بەشێوەیەکی بەرچاو کۆنترۆڵی سوپای پاسدارانی بەسەر جومگەکانی دەسەڵاتدا بەهێزتر کرد، لەنێویاندا بڕیارەکانی پەیوەست بە ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە.
نادیاریی بارودۆخی تەندروستیی موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای نوێ لە چەند هەفتەی یەکەمی شەڕەکەدا و دەرنەکەوتنی بۆ رای گشتی، هێندەی دیکە فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی بەهێزتر کرد.
پاشخان: دوای ئاگربەستەکەی 8ـی نیسان و ئەو لووتکەیەی چەند رۆژێک دواتر لە ئیسلام ئاباد بەڕێوەچوو، ئەمریکا و ئێران هەوڵیان دا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە دانوستاندن بکەن.
لە سەرەتای مانگی ئایاردا، کۆشکی سپی هەستی دەکرد خەریکە دەگەنە رێککەوتنێک، بەڵام ئێران زیاتر لە 10 رۆژ وەڵامەکەی دواخست.
دانوستاندنکارانی کۆشکی سپی گومانیان لا دروستبوو کە ئایا دانوستاندنکارانی ئێران — محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە — دەسەڵاتی ئەوەیان نییە رێککەوتن بکەن و بڕیارەکانیان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە رەت دەکرێتەوە.
بەرەوپێشچوونی رووداوەکان: کۆشکی سپی درکی بەوە کرد کە پێویستی بە کەناڵێکی نهێنییە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرکردایەتیی سوپای پاسداران.
لە دەوروبەری 10ـی ئایار، توڵسی گابارد کە ئەوکات بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی بوو، پەیوەندیی بە [نێچیرڤان] بارزانییەوە کرد.
بە گوتەی دوو سەرچاوەی ئاگادار لە پەیوەندییەکە، گابارد بە [نێچیرڤان] بارزانیی گوتووە کە ئیدارەی ئەمریکا پێیوایە ئەو دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پەیوەندیکردن بە جەنەڕاڵ ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی سوپای پاسدارانەوە.
لە کاتی جەنگی ئێران-عێراقدا، بارزانی لە ئێران ژیاوە و لە زانکۆی تاران خوێندوویەتی. ئەو بە پاراوی بە فارسی قسە دەکات و پەیوەندیی تایبەتی لەگەڵ چەندین ئەندامی باڵای رژێمی ئێران هەیە، لەنێویاندا گەورە بەرپرسانی سوپای پاسداران، ئەمەش بە گوتەی یەکێک لە سەرچاوەکان.
برێت مەکگۆرک، کە وەک راوێژکاری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ چوار سەرۆکی ئەمریکا کاری کردووە، لە هەڤپەیڤینێکدا گوتی: "نێچیرڤان بارزانی چارەکارێکی واقیعبینانەی کێشەکانە. لە سەرانسەری ناوچەکەدا رێزی لێ دەگیرێت. نزیکەی هەموو کەسێک لە تاران و واشنتن دەناسێت. ئەو کەسێکە کە لە کاتی تەنگانەدا پەیوەندیی پێوە دەکرێت."
سەرچاوەکە گوتی، گابارد بۆ [نێچیرڤان] بارزانیی روونکردووەتەوە کە ئەو بە رەزامەندیی سەرۆک ترەمپ و جێگری سەرۆک، ڤانس پەیوەندیی پێوە کردووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، گابارد بە [نێچیرڤان] بارزانیی گوتووە، کۆشکی سپی دەیەوێت بزانێت ئایا وەحیدی و سەرکردایەتیی سوپای پاسداران لەگەڵ ئەوە هاوڕان کە قالیباف و عێراقچی دانوستاندنیان لەسەری کردووە، یان بیرۆکە و داواکاریی دیکەیان هەیە.
گابارد باسی لەوەش کردبوو کە نێوەندگیرەکان ناتوانن بگەنە وەحیدی بۆ روونکردنەوەی ئەو بابەتە.
لە پشت پەردەوە: بارزانی داواکارییەکەی گاباردی قبووڵ کرد. ئەو پەیوەندیی بەو کەسانەوە کرد کە لە نێو سوپای پاسداراندا دەیانناسێت و پێیگوتن، پەیامێکی لە ئیدارەی ترەمپەوە پێیە.
بە گوتەی یەکێک لە سەرچاوەکان، بارزانی جەختی کردووەتەوە: "بەڵام دەمەوێت راستەوخۆ لەگەڵ جەنەڕاڵ وەحیدی قسە بکەم."
ئێرانییەکان رازی بوون. لە 14ـی ئایار، بەرپرسێکی سوپای پاسداران گەیشتە نووسینگەی [نێچیرڤان] بارزانی لە هەولێری پایتەختی کوردستانی عێراق و مۆبایلێکی کۆدکراوی پێبوو بۆ ئەنجامدانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی پارێزراو و سەلامەت.
نێچیرڤان بارزانی لە وەحیدی پرسی کە ئایا ئەو لەگەڵ دانوستاندنکارانی ئێران هاوڕایە؟ جەنەڕاڵە ئێرانییەکە گوتی، بەڵێ هاوڕایە. بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، وەحیدی گوتوویەتی: "من بەتەواوی پاڵپشتییان دەکەم و ئەمە هەڵوێستی سوپای پاسدارانیشە. ئێمە پێمان باشترە ئەم کێشەیە لە رێگەی دانوستاندنەوە چارەسەر بکەین."
سێ سەرچاوە، لەنێویاندا بەرپرسێکی کۆشکی سپی، رایانگەیاند، راستەوخۆ دوای گفتوگۆکەی لەگەڵ وەحیدی، [نێچیرڤان] بارزانی پەیوەندیی بە گاباردەوە کردووە و زانیاریی پێداوە لەسەر وەڵامی ئێران. دواتریش گابارد زانیارییەکانی گەیاندووەتە کۆشکی سپی.
پێشهاتەکان: دوای وەرگرتنی وەڵامی ئێران، ئیدارەی ترەمپ پێشنیازێکی دیکەی خستەڕوو، ئەمەش بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆ نهێنییەکان.
ئەمریکا ویستوویەتی [نێچیرڤان] بارزانی لە هەولێر میوانداریی گفتوگۆی نهێنی بکات لەنێوان گەورە دانوستاندنکارانی ئەمریکا و ئێران.
سەرچاوەکە دەڵێت، [نێچیرڤان] بارزانی جارێکی دیکە لەگەڵ ئێرانییەکان قسەی کردووە و پەیامەکەی گەیاندووە. ئێرانییەکان رەتیان نەکردەوە، بەڵام نیگەران بوون لە سەلامەتیی خۆیان.
ئەوان پێیانوابوو هەواڵگریی ئیسرائیل پێگەیەکی بەهێزی لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەیە و نیگەران بوون لەوەی ئیسرائیلییەکان هەوڵی تیرۆرکردنیان بدەن لە هەولێر، یان لە کاتی گەشتکردنیان بۆ ئەوێ و گەڕانەوەیان.
کۆبوونەوەکەی هەولێر هەرگیز نەکرا.
دۆخی ئێستا: سەرچاوە هەرێمییەکانی ئاگادار لە دۆخەکە دەڵێن، نێوەندگیرە پاکستانی و قەتەرییەکان بەردەوامن لە گۆڕینەوەی پەیام لەنێوان ئەمریکا و ئێران بەڵام بێ هیچ پێشکەوتنێکی ئەوتۆ.
هەندێک لەو سەرچاوانە پێیانوایە پاکستانییەکان زانیاریی زۆر گەشبینانەتر لە راستی و دروستیی دانوستاندنەکان دەگوازنەوە، لە هەوڵێکدا بۆ ئەوەی وا هەست بکرێت بەرەوپێشچوون هەیە کە رەنگە ببێتە هۆی شکاندنی چەقبەستووییەکە.
بۆ داهاتوو چاوەڕێی چی بکەین؟ بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەم دواییانە [نێچیرڤان] بارزانی پەیامی بۆ کۆشکی سپی ناردووە و پێشنیازی کردووە کە ئامادەیە هاوکارییان بکات بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی ئەمریکا و ئێران.
مەکگۆرک گوتی، کێشەکە نێوەندگیر نییە. گوتیشی: "کێشەکە سیاسەتی ئێرانە سەبارەت بە تەنگەکە، کە پێناچێت بەم زووانە بگۆڕێت."


