رووداو دیجیتاڵ
خاوەنی زیاتر لە 13 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە گوندی تۆپزاوای کەرکووک، کە زەوییەکانیان خراوەتە نێو ماستەرپلانی نوێی شارەکەوە، ناڕەزایەتی دەردەبڕن. نوێنەرێکی گوندەکە دەڵێت: "ئیدارەی کەرکووک دەیەوێت درێژە بە سیاسەتەکانی حیزبی بەعس بدات." جێگری پارێزگاریش دەڵێت: "کار دەکەین بۆ ئەوەی زەوییەکانیان لە ماستەرپلانەکە دەربهێنین."
نزیکەی 13 هەزار دۆنم زەوی لە کەرتی 24ی تۆپزاوا، کە موڵکی جووتیارانی کورد و تورکمانە و هێشتا کێشەی موڵکدارییان یەکلایی نەکراوەتەوە، بە نووسراوێکی فەرمی لەلایەن پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت خراوەتە نێو ماستەرپلانی نوێی شارەکەوە.
هاجەر عومەر، یەکێک لە دانیشتووانی گوندی تۆپزاوایە و حەوت دەیەیە لەوێ دەژی. ئەو دەڵێت: "ئێرە شوێنی باو و باپیرانمانە، بەڵام وازمان لێناهێنن. ئەگەر حکومەت وازمان لێبهێنێت، هیچ کێشەیەکمان نییە. ئێستا هاتوونەتە سەر زەوییەکانمان و هەموویان داگیرکردووە."
رۆژی سێشەممە، 16-08-2026، بەشێک لە خاوەن زەوییەکان لە گوندەکەیان کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان بەرامبەر بڕیارەکە دەربڕی.
ساتح ناسیح، نوێنەری خەڵکی تۆپزاوا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە تاوەکو پەیامی رەتکردنەوەی بڕیاری ئیدارەی کەرکووک بۆ داگیرکردنی زەوییەکانمان بە پاساوی ماستەرپلانی شار رابگەیێنین. ئیدارەی کەرکووک بە ناوی ماستەرپلان و فراوانکردنی شار، دەیەوێت درێژە بە سیاسەتەکانی حیزبی بەعس بدات."
لە بەرامبەردا، رێبوار تەها، جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکووک، پشتیوانیی خۆی بۆ خەڵکی تۆپزاوا راگەیاند و گوتی: "دەتوانین لە رێگەی ئەنجوومەنی پارێزگاوە کار بۆ ئەو بابەتە بکەین و هەوڵ بدەین ئەو بڕگەیە چاکبکرێتەوە. ئێمە بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ ئەو برایانەین."
ماوەی 30 ساڵە پارێزگای کەرکووک ماستەرپلانی نییە. 14 ساڵیشە کار بۆ داڕشتنی ماستەرپلانێکی نوێ دەکرێت و بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو تەواو ببێت.


