رووداو دیجیتاڵ
لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان 16ی ئابی 2026دا بەشێوەیەکی هاوکات لە سنوورەکانی هەر پێنج لقی دهۆک، زاخۆ، ئامێدی، ئاکرێ و شێخان ئاهەنگی بوکگواستنەوەی بەکۆمەڵ بەرێوەچوو.
ئەم پرۆژەیە لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی و بە جێبەجێکردنی لەلایەن مەنسور بارزانی، ماوەی سێ ساڵە بەڕێوەدەچێت. ئەم ساڵیش ئاهەنگەکە بۆ 900 کوڕ و کچی شارە جیاوازەکانی پارێزگای دهۆک بەڕێوەچوو.
بەرپرسانی لقە جیاوازەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێن، لەو پرۆژەیەدا جیاکاری لە نێوان گەنجان ناکرێت و هیچ مەرجێکی حیزبی بوون یان کوردبوون لە ئارادا نییە و پرۆژەکە لە خزمەتی گەنجانە.
تۆڕی میدیایی رووداو راستەوخۆ لە هەموو شارەکانەوە رووماڵی ئاهەنگی بەکۆمەڵی کرد و هەست و دڵخۆشیی ئەو کوڕ و کچانەی نیشان دەدا کە چوونەتە نێو قەفەسی زێڕین.
پلانی پرۆژەکە بۆ ساڵی 2026 بەشێوەیە بوو:
لقی یەک: 150 بووک و زاوا لە دهۆک و سێمێل
لقی هەشت: 90 بووک و زاوا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ
لقی نۆ: 90 بووک و زاوا لە ئاکرێ و بەردەڕەش
لقی هەژدە: 60 بووک و زاوا لە ئامێدی
لقی بیست: 60 بووک و زاوا لە قەزای شێخان
گەنجان ناوی خۆیان لە پرۆسەکەدا تۆمارکردووە
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ژمارەیەکی یەکجار زۆری گەنجان لەو سنوورانەدا خۆیان تۆماکردووە و داوا دەکەن لە پرۆژەکەدا بەشداربن. چونکە ئەوە دەرفەتێکە و تەواوی خەرجییەکە لە ئەستۆی مەنسوور بارزانی دەبێت.
بەرپرسانی پارتی دیموکراتی دەڵێن، چەند لیژنەیەکی تایبەتیان بۆ بەڕێوەبردنی پرۆژەکە پێکهێناوە و بەوپەڕی شەفافییەوە کارەکان رادەپەڕێنن.
دهۆک
لە ناوەندی شاری دهۆکیش کاژێر 7:30 ئاهەنگی بە کۆمەڵ لە هۆڵێکی کراوەدا دەستیپێکرد. سەرەتا بوک و زاواکان بەدوای یەکەوە چوونە هۆڵەکە و لە شوێنی خۆیان دانیشتن. هەریەکەیان وێنەی یادگارییان گرت.
سەربەست لەزگین، بەرپرسی رێکخستنی پارتی لە دهۆک گوتارێکی پێشکێشکرد و پیرۆزبایی لە بوک و زاواکانی پرۆژەکە کرد و گوتی:"ئێمە هیچ جیاکارییەکی نەتەوەیی ئایینی یان بابەتی دیکەمان لە نێوان بەربژێرانی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی نەکردووە. ئەگەر خوا دەرفەتمان پێ بدات، ئێمە پێداگرین لەسەر ئەوەی درێژە بەم پرۆسەیە بدەین. چونکە ئەم رۆژە دەبێتە یادگاری، کاتێکیش کچ و کوڕەکان بەیەکدی دەگەن، ئەویش یادگارییەکی دیکەیە".
ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ
عومەر ئورەی بەرپرسی لقی هەشتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە زاخۆ، لە ئاهەنگەکەدا ئامادە بوو و گوتارێکی پێشکێشکرد.
لە گوتاری سێیەمین ساڵی ئاهەنگی بەکۆمەڵدا عومەر ئورەی پیرۆزبایی لە 90 بوک و زاوای سنوورەکەی کرد و گوتی:"ئەمە واڵاکردنی دەرگای ژیانێکی نوێیە بۆ 90 بوک و زاوا لە زاخۆ. سوپاسی سەرۆکی بارزانی دەکەین بۆ ئەو گرنگییەی بە گەنجان دەدات و سوپاسی فەرماندە مەنسور بارزانیش دەکەین کە ئەرکی بەڕێوەبردنی ئاهەنگەکەی گرتە ئەستۆ. داواتان لێ دەکەم لەسەر بنەمای خۆشەویستی رێزگرتن بونیات بنێن".
ئامێدی
بەهرام عەریف یاسین، بەرپرسی لقی 18ی پارتی لە ئامێدی لە ئاهەنگی بەکۆمەڵدا ئامادە بوو و پیرۆزبایی ئاراستەی ئەو 60 بوک و زاوایە کرد کە لە سنوورەکەیدا ئاهەنگیان بۆ سازکرا و ئاماژەی بە ساڵڕۆژی 80 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و بەناوی خەڵکی دەڤەری ئامێدی سوپاسی سەرۆک بارزانی و مەنسور بارزانیی کرد.
شێخان
هەروەها ساڵح حەیدەر، بەرپرسی لقی پارتی لە شێخان گوتارێکی پێشکێشکرد. ساڵح حەیدەر رەتیکردەوە ئەم هەنگاوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بێت و خەجتیکردەوە کە ئەمڕۆ هیچ هەڵبژاردنێک لە ئارادا نییە.
دوای گوتارەکە یاریی ئاگرین ئاسمانی ئامێدیی رۆشن کردەوە. ستافی بەڕێوەبردنی ئاهەنگی بە کۆمەڵ خەڵاتیان بەسەر 60 بوک و زاوای سنوورەکەدا دابەش کرد.


