رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی شەپۆلی گەرما و کەمیی کارەباوە دەوامی بانک و فەرمانگەکانی هەردوو شاری مێران و دێلوران کرایە پشوو و لە شارەکانی دیکەش دەوام دوو کاژێر کەمکرایەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 17ی ئابی 2026، بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی پارێزگای ئیلام بڵاویکردەوە، بڕیارەکە لە لایەن لیژنەی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگاکەوە دراوە و ئامانج لەم هەنگاوەش کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی وزە بە تایبەت کارەبایە.
بە گوێرەی بڕیارەکە، ئەمڕۆ دووشەممە لە فەرمانگە حکومییەکان و بانکەکان لە هەردوو شاری مێران و دێلوران پشووە و لە شارەکانی دیکەی پارێزگاکەش کاتی دەوام دوو کاژێر کەم کراوەتەوە.
پێشتر لە رۆژانی شەممە و یەکشەممە و بە هەمان هۆکار، لە فەرمانگە حکومییەکانی هەردوو شار دەوام دوو کاژێر کەم کرایەوە.
پەیوەندییەکانی پارێزگای ئیلام دەڵێ، بڕیارەکە دامەزراوە خزمەتگوازی و فریاگوزراییەکانی وەک نەخۆشخانە، بنکە تەندروستییەکان و ناوەندە ئەمنییەکان ناگرێتەوە.
چەند رۆژێکە پلەی گەرما لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرزبووەتەوە. بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای ئیلام، پلەی گەرما لەم رۆژانەدا لە نێوان 49 بۆ 51 پلەی سیلیزیدا دەبێت.

.jpeg&w=3840&q=75)

