رووداو دیجیتاڵ
گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فڕۆکەخانەکانی باشووری کوردستان ئاسایی بوونەتەوە، بەڵام بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگەوە هێشتا نرخی تیکتی فڕۆکە بەرزە و بەراورد بە پێش جەنگ نزیکەی 20٪ بەرز بووەتەوە. بەڕێوەبەری هێڵی ئاسمانیی فلای ئەربیل دەڵێ، داخستنی تەنگەی هورمز هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی فڕۆکەیە، ئەمەش نرخی بلیتی بەرزتر کردووەتەوە.
محەممەد بەزاز، بەڕێوەبەری کۆمپانیای رۆیال کلاس لە هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەگشتی بەراورد بە پێش جەنگی ئەمریکا و ئێران نرخی تیکت زۆر بەرز بووەتەوە و تاوەکو ئەمڕۆ نرخەکە ئاسایی نەبووەتەوە".
محەممەد بەزاز دەڵێت: "پێش جەنگ تیکتێکی چوون و هاتن بۆ ئیستەنبووڵ لە وەرزی هاویندا لە هەولێر 280 بۆ 300 دۆلار بوو، ئێستا بە کۆمپانیا تورکییەکان وەکو (تورکیش ئێیرلاینز) دەگاتە زیاتر لە 520 دۆلار، بەڵام لە هێڵی فڕۆکەوانی فلای ئەربیل بە 350 دۆلارە".
عەتا ئەنوەر، سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكان لە سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی جەنگەوە جیا لەوەی نرخی تیکت بەرزبووەتەوە، هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانیش بە ئاسمانی کەم بووەتەوە، بۆ نموونە دووبەی پێدانی ڤیزەی کەمکردووەتەوە، ئەوەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ کەمبوونەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لە سلێمانییەوە".
سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكان لە سلێمانی ئاماژەی بە نرخی تیکت کرد و گوتی: "لە دۆخی ئاسایی پێش جەنگدا تیکتی هاتن و چوونم بۆ تورکیا بڕیوە بە 98 دۆلار، ئێستا لە 300 دۆلارەوە دەستپێدەکات".
فلای ئەربیل: نرخی تکتەکانمان گونجاون
لاوەند مەموندی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فلای ئەربیل، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەراورد بە پێش جەنگ تیکتی گەشتەکان بە نزیکەی 15% بۆ 20% بەرزبوونەتەوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ بەرزیی نرخی سووتەمەنی فڕۆکە لە جیهان، کە نرخەکەی چەند هێند بەرزبووەتەوە ئەویش بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز".
بە گوتەی لاوەند مەموندی، بەرزبوونەوەی تێچووی بیمەی نێودەوڵەتی گەشتە ئاسمانییەکانیش هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی تیکتە.
کۆمپانیای فلای ئەربیل تاکە کۆمپانیای فڕۆکەوانیی عێراق و هەرێمی کوردستانە گەشتی راستەوخۆی بۆ وڵاتانی ئەورووپا هەبێت. بەڕێوەبەرەکەی گوتی: "ئەگەر تیکتێک بۆ شارێکی ئەڵمانیا پێش جەنگ 200 دۆلار بووبێت، ئێستا بە 240 دۆلارە، نرخەکانیش بەگوێرەی شار و وڵاتەکان دەگۆڕدرێن".



