رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەڵێت، ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 لە کۆتاییدان و کتێبی کوردییان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ نێردراوە.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، ئەمڕۆ 18ـی ئابی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارەکانمان بۆ وەزری نوێی خوێندن زیاتر لە مانگێکە دەستپێکردووە و بەردەوامین، ئەم مانگە چەند خولێکی جیاوازمان بۆ مامۆستایان دەبێ کە مەشق و راهێنانن بۆ دەستپێکی خوێندن".
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک گوتیشی: "کتێبی نوێمان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ نێردراوە، کە ساڵانە یەک ملیۆن کتێبە، ئێستا کتێبەکان ئامادەن و لەگەڵ کردنەوەی دەرگەی قوتابخانەکان دابەشیان دەکەین".
هەرێمی کوردستان پێداویستییەکان، مووچەی مامۆستا و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک دابیندەکات.
کامەران عەلی گوتی: "لە هەموو پەروەردەکان بەهۆی خانەنشینبوونەوە کێشەی کەمیی میلاک دروستبووە، بەڵام رێگە نادەین کەموکورتی لە پەروەردە و فێرکردن دروستبێ و بەو میلاکەی لە بەردەستە پلان دادەنێین خوێندن بە باشی بەڕێوەبچێت، یەکێک لە پلانەکان زیادکردنی بەشەوانەی مامۆستاکانە".
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئاماژەی بەوەکرد، دەرگای قوتابخانەکان بۆ وەرگرتنی قوتابی پۆلی یەک لە سنووری کەرکووک تاوەکو 01-10-2026 کراوە دەبێت.
ساڵی رابردوو 97 هەزار قوتابی کورد لە خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەیانخوێند. کامەران عەلی گوتی: "زیاتر لە 8000 مامۆستا و فەرمانبەرمان هەن، هەروەها 558 باخچە و قوتابخانەی کوردیی لە کەرکووک هەن".



