رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیێنێت، هێرشکردنە سەر ئاژانسی پاراستنی هەرێمی کوردستان گۆڕانکارییەکی "جۆری و مەترسیدارە" لە شێوازی هێرشەکاندا. ئاشکراشی دەکات کە سەرۆکوەزیرانی عێراق تاوەکو 30ـی مانگ کاتی داوەتە گرووپە چەکدارەکان بۆ ئەوەی چەکەکانیان رادەستی دەوڵەت بکەن.
شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی کرد، رایگەیاند: "جگە لە بەیاننامە، کۆمەڵێک هەنگاوی کردەییمان ناوە بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو کارە تیرۆریستییانە دابنرێت کە دەرحەق بە هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی دەکرێن؛ بە ئامانجگرتنی ئاژانسی پاراستن بابەتێکی قبووڵنەکراوە."
"باڵێکی سەربازی لە دەرەوەی بڕیاری حکومەت کار دەکات"
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە کرد کە لە عێراق و ئێرانیشدا دوو ئاراستەی جیاواز هەن؛ "بۆچوونێکی فەرمیی حکومی هەیە، لەگەڵ باڵێکی سەربازی و ئەمنی کە زۆر جار لە دەرەوەی بڕیاری سیاسی و ئیداریی حکومەتەکان، ئەم تاوانانە دەکەن." گوتیشی: "بەپێی زانیارییەکانی فەرماندە ئەمنییەکانی عێراق، 70%ی ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان، لەناو خاکی عێراقەوە و بە کەرەستەی عێراقی بووە."
مۆڵەتی 30 ـی ئەیلوول بۆ چەکداماڵین
سەبارەت بە هەوڵەکانی حکومەتی فیدراڵ بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، شاخەوان عەبدوڵڵا ئاشکرای کرد: "سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەی فەرمیدا مۆڵەتی 30ـی مانگی داوەتە گرووپە چەکدارەکان بۆ ئەوەی چەکەکانیان رادەست بکەن، ئەگەرنا پەنا بۆ هێز دەبات بۆ ئەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت." هەرچەندە ئاماژەی بەوەش کرد کە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ئاسان نییە و سەرۆکوەزیران رووبەڕووی بەربەستی گەورە دەبێتەوە.
هەوڵ بۆ دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمان
فراکسیۆنی پارتی دەستی بە کۆکردنەوەی واژۆ کردووە بۆ دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمان لەبارەی هێرشەکان. شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت: "لەگەڵ زۆربەی سەرۆک فراکسیۆنە شیعە، سوننە و کوردستانییەکان قسەمان کردووە تاوەکو لایەنە ئەمنییەکان بێنە پەرلەمان و روونی بکەنەوە بۆچی ناتوانن رێگری لەم هێرشانە بکەن."
داهاتی نانەوتی و پشکی بەنزین
لەسەر پرسی بودجە و بژێویی خەڵک، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی رەخنەی لە شێوازی هەژمارکردنی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان گرت و بە "نادادپەروەری" وەسفی کرد. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لە گفتوگۆدان لەگەڵ بەغدا بۆ زیادکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بەنزین بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی و گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی کە لەو بابەتەدا "زوڵم" لە هەرێمی کوردستان کراوە.


