رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی وەرگەڕان و کەوتنەخوارەوەی مینی پاسێکی گواستنەوەی سەرنشینان بۆ نێو دۆڵێک لە ناوچەی گەمینبێلی لە نێوان شارۆچکەکانی بیلەکان و زارا لە پارێزگای سێواس لە باکووری کوردستان، چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 10 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە کاژێر 12:30ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 18ی ئابی 2026 روویداوە، دوای ئەوەی مینی پاسێک بەهۆی خێراییەوە، کۆنترۆڵی لە دەستداوە، کەوتووەتە نێو دۆڵێک.
دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمەکانی جەندرمە، فریاکەوتن ، ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و کارمەندانی فریاگوزاری دەستیان بە رزگارکردنی سەرنشینانی نێو ئۆتۆمبێلەکە کردووە.
لە ئەنجامدا 4 کەس لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە و 10 کەسی دیکەش بە برینداری دەرهێنراون.
بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستییان، چوار لە بریندارەکان، بە هێلیکۆپتەری فریاکەوتنی ئاسمانی و ئامبولانس رەوانەی نەخۆشخانەکانی ناوەندی پارێزگای سێواس کراون، بریندارەکانی دیکەش لە نەخۆشخانەکانی دەوروبەر چارەسەر دەکرێن.
ناوچەی شاخاویی گەمینبێلی کە شارۆچکەی بیلەکان و زارا لە پارێزگای شیواس بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی، پێچاوپێچیی رێگەکان و بوونی دۆڵی قووڵ، یەکێکە لە مەترسیدارترین رێگاکانی هاتووچۆ لەو پارێزگایەدا.
نەبوونی کۆنترۆڵ لەسەر خێرایی و کەشوهەوا و سەختی رێگاکە زۆرجار دەبنە هۆی دروستبوونی رووداوی سەختی لەم شێوەیە.



