رووداو - دیجیتاڵ
درەنگی شەوی سێشەممە 18-08-2026 ، بەهۆی شۆرتی کارەبای تانکەرێکەوە ئاگر لە کۆگایەکی
سووتەمەنی لە ناوچەی تانجەرۆی باشووری سلێمانی کەوتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە سێ ملیۆن
لیتر بەنزین سووتا. بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، زیانە مادییەکان نزیکەی 4 ملیار
دینارە.
ئازاد ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سووتاویی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "شەوی رابردوو 22 نەخۆش بە رێژەی جیاوازی سووتان گەیێندرانە نەخۆشخانەکەمان، هەموویان چارەسەری پێویستیان بۆ کرا و نێردرانەوە ماڵەوە، جگە لە یەکێکیان کە بە رێژەی 90% بۆ 95%ی جەستەی سووتاوە و تاوەکو ئێستا لە نەخۆشخانە ماوەتەوە."
بە گوتەی ئازاد ئەحمەد، ئەو کەسەی رێژەی سووتاوییەکەی زۆرە، هاونیشتمانییەکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و تەمەنی 35 ساڵە و ئەوەی لە توانای تیمە پزیشکییەکاندا بووە بۆی کراوە. پێشتر چوار لە بریندارەکان، کە دوو ئەفسەر و دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی سلێمانین، راگەیێندرابوو کە دۆخی تەندروستییان جێگیرە.
فەرمان فایەق، چالاکڤانی ژینگەیی، بە رووداوی راگەیاند،
"پێویستە ئەم شوێنانە لەلایەن کەسانی شارەزاوە بەڕێوەببرێن بۆ ئەوەی مەرجەکانی
سەلامەتییان تێدابێت."
بەهۆی ئەوەی شوێنی کۆگاکە بەتەواوی تێکچووە، بڕیارە لە گۆڕەپانە
نوێیەکەی نزیک قەرەداخ دروست بکرێتەوە.
فازیل عومەر، قایمقامی سلێمانی، بە رووداوی راگەیاند،
"ئەو گۆڕەپانە یەکگرتووەی کە ئێستا دەست بە دروستکردنی کراوە، هەموو مەرجێکی پارێزگاری
و ژینگەیی و سەلامەتیی تێدایە و پەرش و بڵاویی ئێستای تانجەرۆ ناهێڵێت. ئەم رووداوە
وایکرد پەلە لەو پڕۆژەیەدا بکەین."
.png&w=3840&q=75)
