رووداو -
دیجیتاڵ
زانکۆی پۆلیتەکنیکی
گەرمیان دەرفەتی خوێندنی بەکالۆریۆس بۆ ئەو رۆژنامەنووسانە دەڕەخسێنێت کە دەیانەوێت
لە پسپۆڕیی تەکنیکیی میدیا پەرە بە تواناکانیان بدەن؛ تەرخانکردنی کورسییەکانیش بەپێی
پێشبڕکێ و تاقیکردنەوەی لێهاتوویی دەبێت.
د. چیا محەممەد،
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەڕێوەبەرایەتیی
تۆماری گشتیی زانکۆمان ئاگاداری ئەو رۆژنامەنووسانە دەکاتەوە کە ئارەزووی خوێندنی بەکالۆریۆسیان
لە بەشی تەکنیکیی میدیا هەیە، دەتوانن لە رێککەوتی دیاریکراودا سەردانی کۆلێژی تەکنیکیی
کارگێڕیی لە قەزای رزگاری بکەن بۆ وەرگرتنی فۆرم".
بەپێی مەرجەکانی
زانکۆکە، چوار کورسیی خوێندن تەرخان کراون، بە جۆرێک 2 کورسی بۆ دەرچووانی پۆلی 12
و 2 کورسی بۆ دەرچووانی پەیمانگەی تەکنیکیی میدیا دەبێت. کەمترین کۆنمرەی پێشکەشکار
نابێت لە 60% کەمتر بێت و مەرجیشە رۆژنامەنووسەکە لانی کەم 3 ساڵ ئەندامی کارای سەندیکای
رۆژنامەنووسان بێت.
سەبارەت بە تەمەن
و تێچووی خوێندنەکە، زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان ئاماژەی بەوە کردووە کە رۆژنامەنووس
تاوەکو تەمەنی 45 ساڵ، خوێندنەکەی بە بێبەرانبەر دەبێت، بەڵام ئەگەر تەمەنی لە 45 ساڵ
زیاتر بوو، دەبێت بە سیستەمی "پارالێڵ" بخوێنێت.
پاڵاوتنی رۆژنامەنووسان
لە رێگەی تاقیکردنەوەی لێهاتوویی دەبێت کە 40%ـی نمرەی لەسەرە و 60%ـی دیکەشی لەسەر
کۆنمرەی ئامادەیی یان پەیمانگەیە. تاقیکردنەوەکەش بە هەردوو شێوازی نووسین و چاوپێکەوتن
دەبێت.
خشتەی رۆژە گرنگەکان
بۆ پێشکەشکاران:
- دابەشکردنی فۆرم: لە 26-8-2026 تاوەکو 2-9-2026 لە کۆلێژی تەکنیکیی
کارگێڕیی.
- دواکات بۆ گەڕاندنەوەی فۆرم: رۆژی چوارشەممە، 2-9-2026.
- چاوپێکەوتنی توانستی زانستی: رۆژی یەکشەممە، 6-9-2026.
- تاقیکردنەوەی تیۆریی توانست: رۆژی چوارشەممە، 9-9-2026.

.jpg&w=3840&q=75)

