رووداو دیجیتاڵ
بڕیار بوو هەفتەی رابردوو قۆناخی هەشتەمی دابەشکردنی زەویی فەرمانبەرانی هەولێر ئەنجام بدرێ، بەڵام زەوییەکان ئامادەنەبوون. سەرۆکی شارەوانیی هەولێر دەڵێ، سبەی ژمارەیەکی دیکەی فەرمانبەران زەوییەکانیان وەردەگرن.
کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە 19ـی ئابی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سبەی پێنجشەممە بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، قۆناخی هەشتەمی دابەشکردنی زەویی فەرمانبەرانی نێوشار ئەنجام دەدرێ."
لەبارەی وردەکاری و ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی سبەی زەوییەکانیان وەردەگرن کارزان عەبدولهادی گوتی، "لەکاتی دابەشکردنەکەدا وردەکارییەکان دەخەینەڕوو."
40 هەزار فەرمانبەر لە سنووری هەولێر ماون زەوی وەربگرن. وەک کارزان عەبدولهادی دەڵێت، بە حەوت قۆناخ 42 هەزار زەوییان بەسەر فەرمانبەرانی هەولێر لە سەرجەم وەزارەتەکان دابەشکردووە.



