رووداو دیجیتاڵ
کچێکی خەڵکی سەقزی پارێزگای سنە، کە دوێنێ کەوتە نێو بەنداوی سلیوانای ورمێ، ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزرایەوە.
رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، هاونیشتمانییەک لە شاری سەقز بە رووداوی راگەیاند: "دوێنێ سێشەممە، کچێکی خەڵکی سەقز کەوتە نێو بەنداوی سلیوانای ورمێ."
کچەکە ناوی هالە سوڵتانییە و تەمەنی 24 ساڵە، لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی بە مەبەستی سەیران چووبووە نزیک بەنداوی سلیوانا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، تەرمی ئەو هاونیشتمانییە نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە هاوکاریی خەڵکی ناوچەکە و تیمەکانی مەلەوانان دۆزرایەوە و رەوانەی دادپزیشکیی ورمێ کراوە.
هالە سوڵتانی بە مەبەستی کارکردن لە ورمێ بووە و هەر لەوێش ژیاوە.
بەگوێرەی ئاماری فریاکەوتنی خێرای ورمێ، لە سەرەتای ئەمساڵی هەتاوییەوە (لە 21-03-2026ـەوە) لانیکەم 11 کەس لە سنووری پارێزگاکە لە ئاودا خنکاون.



