رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی ئەنجوومەنی باڵای تێکۆشەرانی پارتی رایدەگەیێنێت، سەرباری ناکۆکییەکان، دابڕان لەنێوان ئەوان و یەکێتی رووی نەداوە. داواش لە یەکێتی دەکات پەرلەمان کارا بکەنەوە و دەڵێت: "پارتی ئامادەیە تەنانەت کەسێکی بێلایەن ببێتە سەرۆکی پەرلەمان، تەنیا بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن."
عارف روشدی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی ئەنجوومەنی باڵای تێکۆشەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکەشی دەکات، تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و رایگەیاند: "ئێمە لە ململانێداین، بەڵام دوژمن نین. دیدی جیاوازمان هەیە و ئەوەش شتێکی ئاساییە." بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە پەککەوتنی پەرلەمان بۆ ماوەی دوو ساڵ و پێکنەهێنانی حکومەت، نیشانەی "ناکۆکیی قووڵە."
عارف روشدی داوای لە یەکێتی کرد "هاوشێوەی پارتی" بیر لە نزیکبوونەوە بکاتەوە و گوتی: "پەرلەمانتار بەرپرسیارێتییەکی گەورەی نیشتمانی لەسەر شانە، چونکە خەڵک دەنگی پێداوە و دەبێت ئەو پیرۆزییە لەبەرچاو بگیرێت."
ئەو بەرپرسەی پارتی پێشنیازی کرد کە هاوشێوەی عێراق، سەرەتا پەرلەمان کارا بکرێتەوە و دواتر لەژێر چەتری پەرلەماندا گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی حکومەت و بابەتەکانی دیکە بکرێت، چونکە بە گوتەی ئەو: "ئەو دەسەڵاتە یاسادانانە شەرعییەتێک دەبەخشێتە هەرێمی کوردستان."
سەبارەت بەوەی ئایا پارتی ئامادەیە بێ رێککەوتن لەسەر پۆستەکان پەرلەمان کارا بکاتەوە؟ روشدی گوتی: "بەڵێ، بۆ نا؟ ئەگەر مەبەست چارەسەرکردنی کێشەکان بێت، پارتی ئامادەیە کەسێکی بێلایەن ببێتە سەرۆکی پەرلەمان." هۆشداریشی دا کە کارانەکردنەوەی پەرلەمان "هەڵەیەکی مێژووییە" و ئەو لایەنەی رێگری دەکات لەبەردەم خەڵکدا تاوانبار دەبێت.
عارف روشدی ئەو قسانەی رەتکردەوە کە باس لە خواردنی مافی یەکێتی لە حکومەت دەکەن و گوتی: "رێگری لە کام وەزیری یەکێتی یان گۆڕان کراوە ئیشی خۆی نەکات؟ یەکێتی بەشدارە لە هەموو ئەو بڕیارانەی دەرچوون."
لەبارەی دۆسیەی نەوتیشەوە، روشدی ئاماژەی بەوە کرد کە عیماد ئەحمەد، جێگری پێشووتری سەرۆکی حکومەت (لە پشکی یەکێتی)، لە کاتی خۆیدا بە بەڵگەوە بۆ سەرکردایەتیی حیزبەکەی روونیکردووەتەوە کە ئاگاداری وردەکارییەکانن، "بەڵام تاوەکو ئێستاش یەکێتی دەڵێن ئاگامان لێی نییە."
ئەو بەرپرسەی پارتی دووپاتیکردەوە کە حیزبەکەی ئامادەیە هەر "سبەینێ" پەرلەمان کارا بکاتەوە و دەست بە گفتوگۆکان بکات. گوتیشی: "ئێمە زۆر نەرمیمان نواندووە، مەبەستمان خزمەتکردنی خەڵکە نەک ئەوەی چیمان بەردەکەوێت، بەڵام دەبێت رێز لە بەرکەوتەی هەڵبژاردنیش بگیرێت."


