رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئامارەکانی پەروەردەکانی هەرێمی کوردستان، تەنیا یەک قوتابخانەی سێ دەوامی هەیە، بەڵام هێشتا زیاتر لە 2,600 قوتابخانە بەهۆی کەمیی بیناوە دوو دەوامیان تێدا دەکرێت. لە زۆربەی قوتابخانەکانی کەرکووکیش دوو دەوام و سێ دەوامیان تێدا دەکرێت.
لە 1,000 قوتابخانەی هەولێر دوو دەوام دەکرێت
رۆژی پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە پارێزگای هەولێر 1,500 قوتابخانە هەن، لەو ژمارەیە زیاتر لە 1,000 قوتابخانە دوو دەوامین، بەڵام هیچ قوتابخانەیەکی سێ دەوامیمان نییە."
بە گوتەی لوقمان سەعید، لەگەڵ دەستپێکردنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵێک درا تاوەکو سێ دەوامی نەمێنێت و ئێستا بنبڕ کراوە. گوتیشی: "بەبێ هەژمارکردنی قوتابییە نوێیەکان، زیاتر لە 520 هەزار قوتابیمان هەیە."
لە سلێمانی یەک قوتابخانەی سێ دەوامی هەیە
لە پارێزگای سلێمانی تەنیا یەک قوتابخانەی سێ دەوامی ماوە. نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە رووداوی گوت: "1,390 قوتابخانە لە پارێزگای سلێمانی هەن، لەو ژمارەیە 272 قوتابخانە دوو دەوامین و تەنیا یەک دانەشیان سێ دەوامییە، کە قوتابخانەی کانی گۆمانە لە خوارووی سلێمانی."
نەژاد عەبدوڵڵا باسی لەوەش کرد کە ژمارەی قوتابییان بەبێ قوتابییە نوێیەکان گەیشتووەتە 429 هەزار و 852 قوتابی.
زیاتر لە 83٪ـی قوتابخانەکانی دهۆک دوو دەوامیان تێدا دەکرێت
سەگڤان حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک بە رووداوی گوت: "1,440 قوتابخانە لە پارێزگای دهۆک هەن، لەو ژمارەیە 1,200 قوتابخانە دوو دەوامین، بەڵام هیچ قوتابخانەیەکی سێ دەوامیمان نییە."
بەپێی ئامارەکەی پەروەردەی دهۆک لە 83٪ـی قوتابخانەکاندا دوو دەوامیان تێدا دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک دەڵێت کە 406 هەزار قوتابی لە سنووری پارێزگاکەدا هەن.
100 قوتابخانەی هەڵەبجە دوو دەوامین
دۆخی قوتابخانەکانی هەڵەبجە بەراورد بە شوێنەکانی دیکە باشترە. سۆران عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "746 قوتابخانەمان هەیە و زیاتر لە 100 قوتابخانە دوو دەوامین، بەڵام هیچ قوتابخانەیەکی سێ دەوامیمان نییە." ئاماژەی بەوەش کرد کە 27 هەزار قوتابی لە سنووری پارێزگاکەیان هەن.
زۆربەی قوتابخانەکانی کەرکووک دوو و سێ دەوامین
بەپێچەوانەی شارەکانی هەرێمی کوردستان، کەرکووک هێشتا بەدەست کێشەی سێ دەوامییەوە دەناڵێنێت. سامان مەجید، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، لە سنووری پارێزگاکە 2,500 قوتابخانە هەن، بەڵام تەنیا 1,600 بینایان لەبەردەستە، ئەمەش وایکردووە لە زۆربەی بیناکاندا دوو بۆ سێ دەوام بکرێت.



