رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، هەرێمی کوردستان پێویستییەکی بەپەلەی بە بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی ئاسمانی هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشە بەردەوامانەی لە رێگەی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکان لەلایەن ئێران یان میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق دەکرێن.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ پێگەی ئەلمۆنیتەر، دەڵێت، لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ـی شوباتی ئەمساڵەوە، زیاتر لە هەزار هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان. دوایین هێرشیش رۆژی دووشەممەی رابردوو بوو کە تێیدا نووسینگەکەی کرایە ئامانج. بارزانی گوتی: "ئێمە هیچ کاتێک هەڕەشەمان بۆ سەر ئاسایشی هیچ کام لە دراوسێیەکانمان دروست نەکردووە. ئەوان تەنیا هەوڵ دەدەن بمانترسێنن و رەنگە بمانکێشنە ناو ململانێیەکەوە کە ئێمە بە تووندی دژی دەوەستینەوە."
سەبارەت بەوەی ئێران دەڵێت بەرپرسیار نییە، بارزانی گوتی: "ئەو درۆنانەی بەکارهاتوون جۆری حەدید تۆربۆی دروستکراوی ئێرانین و لە ئێرانەوە هاتوون؛ پێویستە دەسەڵاتدارانی ئێران ئەوە روون بکەنەوە چۆن درۆنێک، کە لای هیچ کەسێکی دیکە نییە، لەلایەن لایەنێکی دیکەوە بەکاردێت."
کشانەوەی پاتریۆت و بۆشایی ئەمنیی
مەسرور بارزانی نیگەرانیی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە کشانەوەی هێزەکانی مەشق و پشتیوانیی ئەمریکا و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت لە هەرێمی کوردستان و گوتی: "تاوەکو ئێستا نەکراوە ئێمە ببینە خاوەنی سیستەمێکی کاریگەر کە بمانپارێزێت. کشانەوەی ئەم سیستەمە بەرگرییانە بێگومان دەمانخاتە مەترسییەوە. داوا لە هەموو دۆستەکانمان دەکەم هاوکارمان بن لە بونیادنانی ئەم توانایانە تاوەکو بەرگری لە خۆمان بکەین."
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر کە رۆژی 1ـی ئاب بڵاوکراوەتەوە، چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار رایانگەیاندووە، سوپای ئەمریکا دەستی کردووە بە کشانەوەی هێزەکانی کە لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر جێگیرکرابوون.
سەرچاوەکان دەڵێن، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت کە بۆ تێکشکاندنی مووشەک و درۆن بەکاردەهێندرێن، لە بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا نەهێڵدراون؛ هەروەها ئاماژەیان بەوەش کردووە کە پرۆسەی کشانەوەی سەربازەکان لە هەفتەی رابردووەوە دەستیپێکردووە و هێشتا بەردەوامە؛ هەروەها زۆربەی هێزەکانی ئەمریکا و کەرەستە سەربازییە قورسەکانیان براونەتە دەرەوە.
سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە کە "سەرجەم" پاتریۆتەکان گوێزراونەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە، بەڵام هەندێک سیستەمی بەرگریی دیکە هێشتا لە شوێنی خۆیان ماون.
بەرپرسانی ناوچەکە ئەم کشانەوەیەیان بە "هەنگاوێکی ئاسایی" ناوبردووە و گوتیان، ئەمە لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدایە کە لەگەڵ بەغدا کراوە بۆ کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تاوەکو 30ـی ئەیلوولی ئەمساڵ. بەڵام کشانەوەی ئەم هێزانە، بەتایبەتی سیستەمی پاتریۆت، لە کاتێکدایە کە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامن.
پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و عەلی زەیدی
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی وەک "سەرکردەیەکی راستەقینە و هاوڕێیەکی جێگەی متمانە" وەسف کرد.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ هەنگاوەکانی زەیدی دەربڕی، بەتایبەتی لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چەکداماڵینی میلیشیاکان کە دەبێت تاوەکو 30ـی ئەیلوول چەکەکانیان رادەست بکەن.
مەسرور بارزانی هیوای خواست گرووپە چەکدارەکان پێش ئەو وادەیە پابەند بن، چونکە نایانەوێت "رووبەڕووبوونەوەی سەربازی و پشێوی لە وڵاتدا ببینن."
ستراتیژیی ئابووری و کۆمپانیا ئەمریکییەکان
مەسرور بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ سەقامگیری و هاوئاهەنگیی ئابووری لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە دەربڕی و گوتی: "ئێمە هەمیشە پێشوازیمان لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان کردووە و دەمانەوێت نەک تەنیا لە کەرتی وزە، بەڵکو لە کەرتەکانی کشتوکاڵ، تەکنەلۆژیا و ژێرخانیشدا وەبەرهێنان بکەن"؛ جەختیشی کردەوە کە پێویستە ژینگەیەک دابین بکرێت کە تێیدا وەبەرهێنان و کارمەندەکانیان پارێزراو بن.
دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت
لە لایەنێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، بارزانی نیگەرانیی خۆی دەربڕی کە 20 مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕیوە و هێشتا حکومەت پێکنەهێندراوە.
مەسرور بارزانی گوتی: "بەداخەوە هەندێک لە هاوبەشەکانمان هەمان دیدگای ئێمەیان نەبوو و دەیانویست چاوەڕێی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن. من دەستی هاوڕێیەتی درێژ دەکەم بۆ هەمووان تاوەکو حکومەت پێکبهێنین." هەروەها داوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کرد و گوتی ئەوانەی پەرلەمانیان بە بارمتە گرتووە دەبێت بەرپرسیار بن.
مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک "باوەڕپێکراوترین و متمانەپێکراوترین هاوبەشی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە." هیوای خواست کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بۆشایی ئەمنیی دروست نەکات و پەیوەندییەکانیان لە چوارچێوەی ئەمنییەوە تێپەڕێت بۆ هاوبەشییەکی سیاسی و ئابووریی قووڵتر.
دەقی چاوپێکەوتنەکە (پرسیار و وەڵامی ئەلمۆنیتەر و مەسرور بارزانی)
پرسیار: جەنابتان هێرشە درۆنییەکەی 17ـی ئاب بۆ سەر نووسینگەکەت و ماڵی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمت بە "پەرەسەندنێکی مەترسیدار" وەسف کرد. هەرێم زیاتر لە هەزار هێرشی لەو شێوەیەی لەلایەن ئێران یان میلیشیاکانەوە کراوەتە سەر. پاڵنەری ئەم هێرشانە چین؟
مەسرور بارزانی: سەرەتا، ئێمە سەرکۆنەی ئەم هێرشە بێ پاساوانە دەکەین. وەک ئاماژەم پێ کردووە، زیاتر لە هەزار هێرش هەبووە، نەک تەنیا بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا، بەڵکو بۆ سەر ژێرخان، کەرتی وزە و شوێنی نیشتەجێبوون. هەڵوێستی ئێمە لە رۆژی یەکەمەوە روون بووە: نامانەوێت ببینە بەشێک لەم ململانێیە. ئێمە هیچ هەڕەشەیەکمان بۆ سەر دراوسێیەکانمان دروست نەکردووە. پرسیاری ئەوەی بۆچی هێرشمان دەکەنە سەر، دەبێت ئاراستەی ئەوان بکرێت. پێویستمان بە روونکردنەوەیە لەلایەن ئەوانەوە. بەو جۆرەی ئێمە دەیبینین، ئەوان دەیانەوێت بمانترسێنن یان بمانکێشنە ناو شتێکەوە کە ئێمە بە تووندی رەتی دەکەینەوە. بەڵام ئێمە بەرپرسیارین لە پاراستنی گەل و ژێرخانەکەمان. هیوادارم جیهان و حکومەتی فیدراڵیش پشتیوانمان بن لە پاراستنی سەروەریی وڵاتەکە.
پرسیار: وەزیری دەرەوەی ئێران هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و گوتی ئێران بەرپرس نییە.
مەسرور بارزانی: بەڵێ ئەوەمان بیست، بەفەرمی سەرکۆنەیان کرد. جێگری سەرۆککۆماری ئێرانیش هەمان شتی گوت. ئەوەی ئێمە دەیزانین ئەوەیە کە ئەم درۆنانە لە جۆری حەدید تۆربۆ 110ـن. درۆنەکان ئێرانین و لە ئێرانەوە هاتوون. ئەی کێ تەقاندوونی؟ کێ لە پشتیانە؟ پێموایە ئەوە ئەرکی دەسەڵاتدارانی ئێرانە بزانن چۆن درۆنێک کە هی کەسی دیکە نییە، لەلایەن کەسێکی دیکەوە بەکاردێت. دەبێت ئەوان وەڵام بدەنەوە و بڵێن کێ بەرپرسە.
پرسیار: هەواڵی کشاندنەوەی مووشەکەکانی پاتریۆت و کارمەندەکانی ئەمریکای بەر لە وادەی 30ـی ئەیلوول بڵاوکردەوە. ئەمە چۆن کاریگەریی کردووەتە سەر دۆخی ئەمنیتان؟
مەسرور بارزانی: وەک دەزانن، ئێمە ئامانجی هەزار درۆن و مووشەک بووین، بۆیە گریمانەی مەترسی ناکەین، بەڵکو مەترسییەکە هەیە. هێرش و قوربانی و زیانی ماددییمان هەبووە. ئێمە داوامان لە دۆستەکانمان و ئەمریکا کردووە سیستەمی بەرگریی گونجاومان پێ بدەن. بەداخەوە تاوەکو ئێستا نەمانتوانیوە ببینە خاوەنی سیستەمێکی کاریگەر. تاوەکو ئێستا پشتمان بە هاوکاریی ئەمریکییەکان بەستووە کە زۆر سەرکەوتوو بوون لە تێکشکاندنی زۆربەی مووشەک و درۆنەکان. بەڵام ناوچەی پارێزراو سنووردارە. ئێمە لە ناوچەیەکی پڕ لە پشێوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستداین. کشانەوەی ئەم سیستەمە بەرگرییانە بێگومان دەمانخاتە مەترسییەوە. نامانەوێت کشانەوەکە بۆشایی ئەمنیی جێبهێڵێت. داوا لە هەموو دۆستەکانمان دەکەم یارمەتیمان بدەن ئەم توانایانە بونیاد بنێین تاوەکو بتوانین بەرگری لە خۆمان و کەرتی وزە و هەموو ناوچەکە بکەین.
پرسیار: ئایا ئەم گفتوگۆیانەتان لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا دەستپێکردووە بۆ گەشەپێدانی ئەم توانایانە؟
مەسرور بارزانی: بێگومان. ئەمریکا دۆست و هاوبەشی ئێمەیە. ئەوان ئاسایشیان بۆ دابین کردووین و بێگومان داوامان لێکردوون و بەردەوامیش دەبین لە داواکاری بۆ دابینکردنی سیستەمی بەرگریی گونجاو.
پرسیار: تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، جەنابتانی بە "هاوڕێ و هاوبەشێکی بەنرخ" ناوبرد. ئایا هاوبەشیی ئەمریکا و هەرێم ئەمڕۆش وەک رابردوو بەنرخە؟ چۆن پێناسەی دەکەن؟
مەسرور بارزانی: بێگومان پەیوەندییەکەمان زۆر بەنرخە. ئێمە شانازی دەکەین کە هاوپەیمان و هاوبەشی ئەمریکاین. سوپاسی باڵیۆز باراک دەکەم بۆ پشتیوانییەکەی؛ ئەو هاوڕێیەکی نایابە و ناوچەکە باش دەناسێت. ئەو هەوڵ دەدات سەقامگیری بۆ هەموو ناوچەکە بگەڕێنێتەوە. ئەمریکا هەمیشە دۆستێکی جێی متمانەی کورد بووە. ئێمە زۆر سوپاسگوزاری کارەکانیانین و پێمانوایە ئێستا زیاتر لە هەر کاتێک ئەم پەیوەندییە گرنگە. دەزانین هێزەکانی ئەمریکا کەم دەکرێنەوە، بەڵام هیوادارین پەیوەندییەکەمان لەوە تێپەڕێت و بە شێوازی جیاواز بەردەوام بێت.
پرسیار: جەنابتان چەندین جار پشتیوانیتان بۆ سەرۆکوەزیران زەیدی دەربڕیوە. چۆن وەسفی ئەو پەیوەندییە دەکەن و ئاستەنگەکانی بەردەمتان چین؟
مەسرور بارزانی: من سەرۆکوەزیران زەیدی وەک سەرکردەیەکی راستەقینە و جێی متمانە دەبینم. ئەو کارە راستەکە بۆ وڵات دەکات. ئێمە پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ هەوڵەکانی لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، چەسپاندنی سەروەریی یاسا و چەکداماڵینی میلیشیاکان دەربڕیوە. عێراق ئەمڕۆ پێویستی بەوەیە. ئەو هەوڵ دەدات کێشە ئابوورییەکان و کێشەکانی رابردوو چارەسەر بکات. ئێمە بەبێ مەرج پشتیوانیمان کردووە تاوەکو سەقامگیری بۆ هەموو گەلانی عێراق و کوردستان بگەڕێتەوە.
پرسیار: دوای 30ـی ئەیلوول، کە وادەی رادەستکردنی چەکی میلیشیاکانە، چی روودەدات؟
مەسرور بارزانی: هیوادارم هەمووان پابەندی یاسا و بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران بن. دەبێت حکومەت ببێتە خاوەنی هەموو چەکەکان و ئەم گرووپانە تێکەڵی هێزە ئەمنییەکان بکرێنەوە. هیوادارم هەمووان گوێ بگرن و هاوکاری بکەن، ئەگەرنا، دەبێت بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکان هەڵبگرن. هیچ کەس نایەوێت پێکدادانی سەربازی و پشێوی ببینێت، بەڵام دەبێت حکومەت ئەوە بکات کە پێویستە بۆ پاراستنی گەل و سەروەرییەکەی. ئەگەر هەموولایەک هاوکار نەبن، ئەرکەکە زۆر قورس دەبێت.
پرسیار: ئایا زۆر شت بەندە بەوەی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا روودەدات؟
مەسرور بارزانی: خەڵک هەمیشە کێشەکانی عێراق بەوەوە دەبەستنەوە کە لە ئێران روودەدات، کە ئەمە بۆ هەندێک پرسی راشکاو راستە. ئەوەی لە ناوچەکە روودەدات کاریگەریی لەسەر ناوخۆی عێراق هەیە. بەڵام ئەمە کێشەیەکی عێراقییە و عێراقییەکان دەبێت پێش هەموو شتێک بیر لە بەرژەوەندیی نیشتمانی و ئاسایشی وڵاتەکەیان بکەنەوە، بێ گوێدان بەوەی چارەنووسی جەنگی ئێران چۆن دەبێت. گەلی عێراق دەبێت پشتیوانیی سەرۆکوەزیران بن، تاوەکو وڵات لەم هەموو مەینەتی و کێشانە رزگار بکات.
پرسیار: حکومەتی هەرێمی کوردستان لەژێر سەرکردایەتیی جەنابتدا هاوبەشێکی گرنگ بووە بۆ سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق، تورکیا و سووریا. رۆڵی ئێوە لە چارەسەرکردنی پرسی کورد لەو دوو وڵاتەدا چۆن دەبینن؟
مەسرور بارزانی: وەک دەزانن پەیوەندیی باشمان لەگەڵ تورکیا هەیە و ئێستاش پەیوەندیی باشمان لەگەڵ حکومەتی سووریا هەیە. ئێمە پەیوەندیی مێژووییمان لەگەڵ خەڵکی هەردوو دیوی سنوور هەیە و ئەزموونمان زۆرە. ئێمە هەوڵمان داوە لایەنێکی ئەرێنی و بونیادنەر بین بۆ یارمەتیدانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و هەروەها سیستەمێکی نوێ لە سووریا. رۆڵی ئێمە پشتیوانیکردنی ئەو وڵاتانە بووە و دڵخۆشین بەوەی تاوەکو ئێستا کردوومانە.
پرسیار: ئیدارەی ترەمپ گرنگی بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەدات بۆ گەشەپێدانی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان. ئایا هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەم هاوبەشییە قووڵتر بکاتەوە؟
مەسرور بارزانی: بەڵێ بێگومان. ئێمە هاوڕای سیاسەتی سەرۆک ترەمپین کە دەڵێت "بازرگانی نەک ململانێ". بڕوامان وایە هێزی ئابووری یارمەتیی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەدات. ئێمە بەشێکی خۆمان کردووە لە زیادکردنی بازرگانی لەگەڵ دراوسێیەکان و بانگهێشتکردنی کۆمپانیاکانی ئەمریکا، نەک تەنیا بۆ کەرتی وزە، بەڵکو بۆ کشتوکاڵ، ژێرخان و تەکنەلۆژیا. هیوادارین هەرێمی کوردستان وەک شوێنێکی سەرنجڕاکێش ببینن بۆ وەبەرهێنان. پەیوەندیی ئابووری دەتوانێت یارمەتیی دۆخی ئەمنی بدات و گرژییەکان کەم بکاتەوە. ئەم پێشکەوتنانە بەردەوام بەهۆی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانەوە پەکخراون، هەندێک جاریش بە بڕیاری مەبەستدار بۆ رێگریکردن لە گەشەی ئابووریی هەرێمی کوردستان، کە لە کۆتاییدا دەتوانێت یارمەتیی ئابووریی هەموو عێراق بدات. ئێمە دەمانەوێت سوود لەم دەرفەتانە وەربگرین. کۆمپانیا ئەمریکییەکان هەمیشە بەخێرهاتنیان لێ دەکرێت. دەستپێشخەریی ئێمە بووە کە گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان واژۆ کرد و بەغداشمان هان دا هەمان کار بکات. پاراستنی ئەم وەبەرهێنان و ژێرخانانە زۆر گرنگە، بۆیە پێویستە ژینگەیەک هەبێت کە تێیدا وەبەرهێنان و کارمەندەکانیان پارێزراو بن.
پرسیار: هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان چییە دوای 20 مانگ؟ ئەمە چۆن کاریگەریی کردووەتە سەر پەیوەندییەکانتان لەگەڵ بەغدا؟
مەسرور بارزانی: زۆر جێگەی داخە کە دوای 20 مانگ نەمانتوانیوە حکومەت پێکبهێنین. ئەمە ئارەزووی ئێمە نەبووە. ویستی من ئەوە بووە دەستبەجێ حکومەت پێکبهێندرێت. بەڵام بەداخەوە هاوبەشەکانمان هەمان تێڕوانینیان نەبوو. ئێمە لە سەرەتاوە حکومەتێکی گشتگیرمان دەویست و دەمانویست یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوبەشی سەرەکیمان بێت. بەداخەوە، ئەوان دەیانویست چاوەڕێی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن؛ چاوەڕوانیی دیکەیان هەبوو. بەڵام دوای ئەنجامەکان دەرکەوت پارتی ئێمە زۆرترین دەنگی هێناوە، نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکو لە هەموو عێراق. هیوامان دەخواست ئەمە هاندەر بێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام وا نەبوو. پێکنەهێنانی حکومەت کاریگەریی نەرێنی هەبووە و تەنانەت دۆستەکانمان لە جیهانیش هانمان دەدەن ئەوە بکەین. ئێمە هەڵبژاردنمان کرد و دەبوو پەرلەمان کۆببێتەوە و دەستبەکار بێت. تەنیا ئێمەین داوای کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکەین. ئەوانەی رێگری دەکەن و پەرلەمانیان بە بارمتە گرتووە دەبێت بەرپرسیار بن. من زۆر بێئومێدم کە تاوەکو ئێستا پەرلەمان کارا نەکراوەتەوە. هیوادارم هەموولایەک بەرژەوەندیی نیشتمانی بخەنە سەروو بەرژەوەندیی کەسی و حیزبی. من بەردەوام دەبم لە درێژکردنی دەستی هاوڕێیەتی بۆ هەمووان لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان. لە کۆتاییدا دەمەوێت جەخت لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بکەمەوە. دەزانم ئەمریکا بڕیاری داوە بکشێتەوە و ئێمە رێز لە بڕیارەکانیان دەگرین. تەنیا هیوادارین بۆشایی ئەمنیی دروست نەبێت. دەمانەوێت پەیوەندییە بەهێزەکانمان بەردەوام بێت و گەشەی پێ بدەین بۆ هاوبەشیی ئابووری و سیاسی. هەرێمی کوردستان وەک متمانەپێکراوترین هاوبەشی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە.



.jpeg&w=3840&q=75)