رووداو دیجیتاڵ
ئەو پەرستارەی لە شاری کۆجائێلی، کە ڤیدیۆی کەزی "هۆنینەوەی قژ"ـی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ پاڵپشتی لە کچە شەرڤانێکی رۆژئاڤا بڵاوکردەوە، لە کارەکەی دوورخرایەوە. ئەو بڕیارەی وەزارەتی تەندروستیی تورکیاش کاردانەوەی تووندی لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی مافی ژنانی لە تورکیا لێکەوتەوە.
ئیکرا ئاڤجی، ئەم پەرستارە لە هەژماری تایبەتیی خۆی رایگەیاندبوو، بە مەبەستی سەرکۆنەکردنی تووندوتیژی و پێشێلکارییەکانی دژ بە ژنان لە رۆژئاڤا، لە رێگەی هۆنینەوەی قژیەوە بەشداریی لە کەمپینێکی جیهانیدا کردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی لەلایەن دادگاوە بڕیاری بێبەریبوونی بۆ دەرچووە، ئاڤجی رایگەیاند لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە لە کارەکەی دوورخراوەتەوە.
تولای هاتیمۆغۆللاری، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی) لە پەیامێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ناڕەزایەتیی تووندی بەرامبەر بڕیاری دوورخستنەوەی ئەو پەرستارە دەربڕی و داوای گەڕاندنەوەی دەستبەجێی کرد بۆ سەر کارەکەی.
هاتیمۆغۆللاری لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "ئیکرا ئاڤجی پەرستارێکە، بێ جیاوازیی زمان، پێناس و نەتەوە برینەکانی خەڵک دەپێچێت و ژیان رزگار دەکات. ئیکرا تەنیا بەهۆی ئەوەی بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی بەرامبەر کوشتنی ژنێک لە رۆژئاڤا قژی کەزی کردبوو، لەسەر کارەکەی دوورخرایەوە؛ لەکاتێکدا کە لە دادگا بڕیاری بێبەریبوونی بۆ دەرچووبوو. ئێمە ئەم بڕیارە رەت دەکەینەوە و دەبێت ئیکرا ئاڤجی دەستبەجێ بۆ سەر کارەکەی بگەڕێندرێتەوە."
جگە لە هاوسەرۆکی دەم پارتی، چەند پەرلەمانتارێکی دیکەی ئەو پارتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەرکۆنەی ئەو بڕیارەی وەزارەتی تەندروستییان کردووە و داوای گەڕانەوەی ئاڤجی بۆ سەر کارەکەی دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیش ئاماژەیان بەوە کردووە کە لێکۆڵینەوەکان و بڕیاردانەکە لەسەر بنەمای پێشێلکردنی یاسای فەرمانبەرانی دەوڵەت و ئێتیکی کاری گشتیی بووە.
لە تورکیا، بەکارهێنانی هێما سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی، بەپێی یاسای فەرمانبەرانی دەوڵەت (ژمارە 657) رووبەڕووی لێکۆڵینەوەی کارگێڕی و دیسپلینی دەبێتەوە.
چی روویدابوو؟
دوای رووداوەکانی کانوونی دووەمی 2026 لە رۆژئاڤای کوردستان و بڕینی کەزی کچە شەرڤانێکی کورد لەلایەن چەکدارێکەوە، وەک سەرکۆنەکردنی ئەو کارە لەنێوان 23-26ـی کانوونی دووەمی 2026 هەڵمەتی کەزی سەرتاسەری جیهانی گرتەوە.
ئیکرا ئاڤجی کە خەڵکی ئامەدی باکووری کوردستانە و لە پارێزگای کۆجائێلی پەرستار بوو، بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی "هۆنینەوەی قژ" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تاوەکو هاوپشتی لەگەڵ مافی ژنان و رەتکردنەوەی تووندوتیژی لە ناوچەکە دەربڕێت، لە کۆجائێلی دەستبەسەر کرا و لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە لە کارەکەی راگیرا.
لە 21ـی ئایاری 2026 لە دادگاییکردنی ئاڤجی لە کۆجائێلی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستی"، دادگا بڕیاری بێبەریبوونی بۆ دەرکرد.
لە 19ـی ئابی 2026 ئیکرا ئاڤجی رایگەیاند کە سەرەڕای بێبەریبوونی لەلایەن دادگاوە، بەڵام لە کارەکەی دوورخراوەتەوە.


