رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی خراپیی دۆخی کارەبای نیشتمانی و گرانیی بەرچاوی نرخی ئەمپێری مۆلیدە ئەهلییەکان، هاونیشتمانیانی شاری قامشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان، بەشێوەیەکی فراوان روویان لە کڕینی پانێڵی وزەی خۆر کردووە. ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی هەندێک لە خێزانەکان، بۆ دابینکردنی تێچووی سیستمی وزەی خۆر، ناچاربن پەنا بۆ فرۆشتنی زێڕ و خشڵەکانیان یان وەرگرتنی قەرز ببەن.
فادی جەردۆ، کە بازرگانێکی پانێڵی وزەی خۆرە لە قامشلۆ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ماوەی 3 مانگی رابردوودا، خواستێکی ئێجگار زۆر لەسەر پانێڵی وزەی خۆر دروست بووە، چونکە نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و بۆ هەر ئەمپێرێک مانگانە دەگاتە 20 بۆ 25 دۆلار."
بە گوتەی فادی، ئەگەر هاونیشتمانییەک پێویستی بە 10 ئەمپێر کارەبای 24 کاژێریی مۆلیدە هەبێت، مانگانە دەبێت بڕی 200 بۆ 250 دۆلار بدات، کە ساڵانە کۆی گشتیی تێچووەکەی دەکاتە نزیکەی 3000 دۆلار. ئەو دەڵێت، "لەبەرئەوە هاونیشتمانیان بە شێوەیەکی لۆژیکی بیر لە پانێڵی وزەی خۆر دەکەنەوە، چونکە بە هەمان ئەو نرخە، دەتوانن سیستمێکی تەواو وەربگرن کە 20 ئەمپێر کارەبایان پێدەدات و پاترییەکانی لە جۆری لیتیۆمن کە لەنێوان 5 بۆ 15 ساڵ گەرەنتییان هەیە. هەروەها، سیستمی هەرزانتریش بەردەستە بە نرخی 1000 بۆ 1500 دۆلار کە توانای دابینکردنی 8 ئەمپێر کارەبای هەیە".
ئەو بازرگانە ئاماژەی بەوەش کرد کە زۆرێک لە هاونیشتمانیان بۆ دەستکەوتنی کارەبایەکی بەردەوام و هەرزانتر، پەنا دەبەنە بەر فرۆشتنی زێڕی خێزانەکانیان یان قەرزکردن لە کەسوکاریان. فادی جەردۆ، گوتیشی، "هەندێک کەس کە لە نزیکەوە دەیانناسین و دۆخی داراییان باش نییە، وەک هاوکارییەک بە قەرز یان بە قیستی کورت مەودا پانێڵیان پێدەفرۆشین تاوەکو بتوانن سوودمەند بن."

سەبارەت بە رێگاکانی هاوردەکردنی پانێڵەکان، فادی جەردۆ، روونیکردەوە کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی رێگەی بازرگانی، ناچارن لە ئوردن و مێرسینی تورکیاوە کەلوپەلەکان بگوازنەوە بۆ دیمەشق و لەوێشەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان، چونکە ناتوانن لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە بیهێنن بەهۆی زۆریی باجی گومرگ. ئەو گوتیشی، "ئەگەر بمانەوێت کەلوپەلەکانمان لە رێگەی بەندەری بەسرەوە (فاو) بهێنین، تاوەکو دەگاتە رۆژئاوا، پێویستە نزیکەی 4 بۆ 5 جار باجی جیاواز بدەین، کە ئەمەش نرخەکەی زۆر بەرز دەکاتەوە."
محەممەد مەروان، خاوەنی یەکێک لە مۆلیدە ئەهلییەکانە و نزیکەی 250 هاوبەشی هەیە، بە رووداوی گوت، "بەهۆی خواستی زۆری پانێڵی وزەی خۆرەوە، لە ماوەی 2 مانگی رابردوودا ژمارەی هاوبەشەکانمان بە رێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە. بۆ نموونە، پێش دوو مانگ 1300 ئەمپێرمان بە هاوبەشەکان دەدا، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە بۆ 300 ئەمپێر کەمیکردووە و پێشبینی دەکەین مانگی داهاتوو لەوەش کەمتر ببێتەوە."
محەممەد مەروان، هۆکاری سەرەکیی گرانیی نرخی کارەبای مۆلیدەکەی بۆ گرانیی نرخی گازوایل گەڕاندەوە کە هەر لیترێکی بە 80 سەنت دەکڕێت. هەرچەندە مۆلیدەکەی ئەو پاڵپشتیی حکومەتی هەیە و بەشێک لە گازوایلی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ دابین دەکرێت کە هەر لیترێکی بە نزیکەی 1 سەنتە، نرخی 1 ئەمپێر کارەبای 8 کاژێریی رۆژانە بە نزیکەی 5 دۆلارە.

ئالا رێزان، یەکێکە لەو هاونیشتمانیانەی شاری قامشلۆ کە سیستمی وزەی خۆری بەستووە و بە رووداوی گوت، دوو هۆکاری سەرەکی وایان لێکردووە پەنا بۆ ئەم چارەسەرە ببەن. "یەکەمیان، گرانیی زۆری نرخی ئەمپێری کارەبای 24 کاژێری بوو، کە مانگانە نزیکەی 200 دۆلارم بۆی خەرج دەکرد. دووەم هۆکاریش، پاراستنی ژینگە بوو، چونکە لە هەموو جیهاندا ئێستا خەڵک روو لە بەکارهێنانی وزەی پاک دەکەن."
ئالا رێزان، گوتیشی، "لە قامشلۆ، ئەم هەموو مۆلیدە ئەهلییە بووەتە هۆی دروستبوونی دووکەڵێکی پیس و دەنگێکی زۆر بێزارکەر لەنێو گەڕەک و شارەکەدا، جگە لەوەی وایەرەکانیان وەک تۆڕی جاڵجاڵۆکە بەسەر شەقام و باڵەخانەکاندا شۆڕبوونەتەوە و سیمای شارەکەیان ناشیرین کردووە. هەروەها زۆرجار مۆلیدەکان لەکاردەکەوتن و لە کاتی پێویستدا بێ کارەبا دەماینەوە، بۆیە وزەی خۆر چارەسەرێکی گونجاوتر و متمانەپێکراوترە."




