رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، سێ هاووڵاتیی ئێرانی بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکران، کە بڕی 877 گرام مادەی هۆشبەریان لەناو گەدە و رێخۆڵەیاندا شاردبووەوە.
ئیبراهیم تاش یاپان، پارێزگاری جۆلەمێرگ، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە ئۆپەراسیۆنێکی ورددا توانیویانە ئەو سێ تۆمەتبارە دەستگیر بکەن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پۆلیس زانیاریی پێگەیشتووە کە سێ هاووڵاتیی ئێرانی دوای هاتنیان بۆ ناو خاکی تورکیا، بە نیاز بوون لە رێگەی جۆلەمێرگەوە بڕێک مادەی هۆشبەر بۆ پارێزگاکانی دیکە بگوازنەوە.
پاش دەستگیرکردنیان و پشکنینی پزیشکی، دەرکەوتووە کە تۆمەتبارەکان مادە هۆشبەرەکانیان خستووەتە نێو کەپسوولی پلاستیکی و قوتیان داوە. لە ئەنجامی پشکنینەکاندا 96 پارچە کەپسولی مادەی هۆشبەر لەناو گەدە و رێخۆڵەی ئەو سێ کەسەدا دەرهێنراوە، کە کێشییان 877.74 گرام بووە.
تۆمەتبارەکان دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس، رەوانەی دادگا کران. لەلایەن دادوەرەوە بڕیاری دەستبەسەرکردن و رەوانەکردنیان بۆ زیندان دەرکرا.
