رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کوردێکی یارسان لە کرماشان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا.
رووداوەکە رۆژی پێنجشەممە 20-08-2026، لە گەڕەکی (دەڕەدرێژ)ـی کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان روویداوە. بەگوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ناوی هاونیشتمانییەکە پووریا نادری، تەمەن 29 ساڵ، لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ئیتلاعاتی شارەکە کوژراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان،ئەو چالاکڤانە سیاسییە و هێزەکانی ئیتلاعات تەقەیان لە یەکدی کردووە و لە ئەنجامدا جیا لە کوژرانی هاونیشتمانییەکە، دوو لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانیش بریندار بوون.
تاوەکو ئێستا هۆکاری تێکهەڵچوونەکە نازانرێت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش هیچ زانیارییەکایان لەسەر کوژرانی پووریا نادری بڵاونەکردووەتەوە.
کوژرانی ئەو هاونیشتمانییە لەکاتێکدایە، 28ـی ئایاری 2026 دوو برای یارسان بە ناوەکانی مەیسەم و موجتەبا وەیسی بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان لە کرماشان کوژران.
مەیسەم و موجتەبا بە وەرزشڤان، چالاکڤانی مەدەنی و دامەزرێنەری کتێبخانەی کوردی لە کرماشان ناسرابوون.
