رووداو دیجیتاڵ
لە ناحیەی قەرەهەنجیری سەر بە پارێزگای کەرکووک، بۆ یەکەمجار فێستیڤاڵی هەنجیر، بەرهەمی خۆماڵی و کاری دەستی بە بەشداریی جووتیارانی 12 گوندی سنوورەکە کرایەوە؛ بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەکەش بە رووداویان راگەیاند چالاکییەکەیان بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
فێستیڤاڵەکە
لەسەر رێگەی سەرەکیی کەرکووک - سلێمانی سازکراوە و تێیدا جووتیاران باشترین
جۆرەکانی هەنجیر و میوەی خۆماڵیی باخ و رەزەکانی قەرەهەنجیریان خستووەتەڕوو. بەهۆی
شوێنە ستراتیژییەکەیەوە، ئامادەبوونی کڕیاران و گەشتیاران قەرەباڵخی و بازاڕێکی
گەرمی لە سنوورەکە دروستکردووە.
جووتیارانی
گوندەکانی ساتی، گۆران، خالۆبازیانی و بنە، زۆرترین بەرهەمی هەنجیریان هێنابووە
فێستیڤاڵەکە.
سەردار
سەدرەدین، جووتیارێکی بەشداربووی فێستیڤاڵەکە بە رووداوی گوت: "ساڵانە لەم
سنوورە بەرهەمێکی زۆرمان هەیە و پێویستە هەموو ساڵێک ئەم فێستیڤاڵە لە قەرەهەنجیر بکرێت،
چونکە کەرکووک بەیەکەوە گرێدەدات لەسەر رێگەیەکی ستراتیژی و ناوچەکەش خاکێکی زۆر
بەپیتی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی هەنجیر، هەنار و میوەکانی دیکە."
یەکێک لە جۆرە
دیارەکانی هەنجیر لە فێستیڤاڵەکەدا، هەنجیری گوندی "بنە" بوو کە بەهۆی
گەورەیی قەبارەکەیەوە سەرنجی سەردانیکەرانی راکێشابوو.
سەباح
حەمەزایەر، جووتیارێکی سنوورەکەیە و لەبارەی بەرهەمەکەیەوە بە رووداوی گوت:
"ئەمە هەنجیری بنەیە؛ تەنیا حەوت بۆ هەشت دانەی لەم هەنجیرە نزیکەی کیلۆیەک
دەردەچێت. هەنجیرێکی زۆر بەتامە و ساڵی وا هەیە سێ بۆ چوار تۆن بەرهەم
دەهێنم."
لەپاڵ هەنجیر و
میوەکاندا، دەیان جۆری خواردن و خواردنەوەی بەتام، کاری دەستی و بڕگەی موزیک و
گۆرانی ئامادەکرابوون.
موژدە ئیدریس،
خاوەن کۆشک لە فێستیڤاڵەکەدا بە رووداوی راگەیاند: "ئەمە یەکەمجارە
فێستیڤاڵێکی لەم جۆرە لە ناحیەکەی ئێمە ئەنجام بپۆشدرێت. حەزمان کرد وەک گەنجێک بە
بەرهەمی خۆماڵیی خۆمان بەشدار بن، لەپاڵ بەرهەمەکاندا خواردنی دەستیی وەک بریانی و
دۆڵمەمان ئامادە کردووە."
ئەم فێستیڤاڵە
بە سەرپەرشتیی ئیدارەی قەرەهەنجیر و بە بەشداریی 40 جووتیار و کاسبکاری سنوورەکە
رێکخراوە و تاوەکو سێ ڕۆژ پێشوازی لە سەردانیکەران دەکات.

