رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکی خەزرای شاری کەرکووک، منداڵێکی تەمەن مانگێک لەبەردەم دەرگای مزگەوتێکدا فڕێدرا و لەلایەن پەرستارێکەوە ناوی "موئمین"ی لێنرا.
دونیا کامەران، پەرستارێکە و ئەرکی خزمەتکردن و دابینکردنی پێداویستییەکانی منداڵەکەی لە ئەستۆ گرتووە. ئەو دەڵێت: "کاتێک هێنایان، تەندروستیی باش نەبوو، بەڵام ئێستا زۆر باشە و هەموو پشکنینەکانی بۆ کراوە." بەگوێرەی ئەزموونی پەرستارەکە، تەمەنی منداڵەکە نزیکەی مانگێک و 10 رۆژ دەبێت.
بەپێی ئامارەکان، ئەمە 17ـیەمین منداڵە کە لە ماوەی هەشت مانگی ئەم ساڵدا لە کەرکووک لە شوێنە گشتییەکاندا فڕێدەدرێت.
ئەحمەد شاکار، بەرپرسی هۆبەی نەبەکام لە کەرکووک رایگەیاند، "حاڵەتی فڕێدانی منداڵ خەریکە دەبێتە دیاردە." ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، زۆربەی ئەو منداڵانەی پێشتر دەدۆزرانەوە، تازە لەدایکببوون، بەڵام ئەم منداڵە تەمەنی زیاترە.
موئمین، بە بڕیاری دادوەر لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی کەسێک مامەڵەی بەخێوکردنی پێشکێشی دادگا دەکات. پۆلیسی کەرکووکیش دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لەسەر فڕێدانی ئەو منداڵانە دەستگیر نەکراوە.


