رووداو دیجیتاڵ
دادگەی کەرکووک سزای یەک ملیۆن دینار پێبژاردنی بۆ محەممەد ئەمین، جووتیارە کوردەکەی گوندی شەناغە دەرکرد، کە ساڵی رابردوو گرتە ڤیدیۆییەکەی لە کاتی راکێشانی ملپێچەکەی لە لایەن سەربازێکی عێراقییەوە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، محەممەد ئەمین بە رووداوی راگەیاند: "بەیانی ئەمڕۆ لە دادگەی کەرکووک دادگاییکردنم هەبوو، سەبارەت بەو سکاڵایانەی لە لایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و ئەو سەربازەی (کەڕاڕ شاکر) کە هەوڵی خنکاندمی دا، دژم تۆمار کرابوون".
محەممەد ئەمین گوتی: "لە سکاڵای یەکەمدا کە سكاڵای سەربازەکەیە، دادگا منی بە تاوانبار ناساند و سزای یەک ملیۆن دینار پێبژاردنی بەسەردا سەپاندم؛" ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا چاوەڕێی بڕیاری تایبەت بە سکاڵای دووەمە کە لە لایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانەوە لەسەری تۆمار کراوە.

لە ئاداری 2025دا محەممەد ئەمین بە کەفالەتی دوو ملیۆن دینار ئازاد کرا، دوای ئەوەی خۆی و سەربازەکە سکاڵایان لەسەر یەکدی تۆمار کرد.
ساڵی رابردوو لە کاتی کێشەی زەویوزار لە گوندی شەناغە، ڤیدیۆیەک بڵاوبووەوە کە تێیدا سەربازێکی عێراقی بە تووندی ملپێچەکەی محەممەد ئەمینی راکێشا و خەریک بوو بیخنکێنێ.
ریشەی ئەم کێشەیە بۆ پرسی زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنووری کەرکووک دەگەڕێتەوە. هەرچەندە لە 21-01-2025 پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیانی پەسند کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا رێکارەکانی جێبەجێکردنی دەستیان پێنەکردووە. سوپای عێراقیش ئەمەی کردووەتە پاساو بۆ رێگری لە جووتیارانی کورد لە کێڵانی زەوییەکانیان.
ئەم یاسایە پەیوەندی بە زیاتر لە 300 هەزار دۆنم زەویی جووتیارانی کورد و تورکمانەوە هەیە لە کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، کە لە سەردەمی رژێمی پێشوودا بەگوێرەی بڕیارەکانی "ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش" لێیان داگیرکرابوو.


