رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری لقی کەرکووکی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق رایگەیاند، دوو وێستگە لە کەرکووک دیاری کراون کە بەنزینی نۆرماڵ بەبێ کۆبۆن دابەش دەکەن.
رۆژی یەکشەممە، 23-08-2026، عەلی رەبیع، بەڕێوەبەری لقی کەرکووکی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێستا پشکی کەرکووک بۆ 1 ملیۆن و 920 هەزار لیتر زیاد کراوە.
ئێستا دوو وێستگەی ئێشکگر (شۆراو و گەڵۆزی) بەردەوام کار دەکەن، هەروەها دوو وێستگەی دیکە (غەرناتە و شەهید) بەنزینی نۆرماڵ بەبێ کۆبۆن و لیترێک نۆرماڵ بە 1000 دینار دابەش دەکەن.
پێشتر پشکی رۆژانەی بەنزینی کەرکووک 1 ملیۆن و 750 هەزار لیتر بوو، بەڵام بە گوتەی بەڕێوەبەری دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، زیادکردنی پشکەکە بۆ 1 ملیۆن و 920 هەزار لیتر وای کردووە رۆژانە 5 تانکەر بەنزینی زیاتر بگاتە وێستگەکان، هەر بۆیە 5 وێستگەی نوێ بۆ دابەشکردنی سووتەمەنی دیاریکراون.
عەلی رەبیع ئەوەشی روونکردەوە کە ئەم بڕە "زیادکردن" نییە، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ ئەو پشکەی پێشتر کەرکووک وەریدەگرت و بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە کەم کرابووەوە، گوتیشی: "مافی راستەقینەی کەرکووک زۆر لەم بڕە زیاترە و پێویستە پشکی رۆژانە بگاتە 2 ملیۆن و 200 هەزار لیتر."
سەبارەت بە چارەسەری قەیرانی بەنزین، بەڕێوەبەرەکەی کۆمپانیای دابەشکردن پێی وابوو هێشتا ئەم بڕە بە تەواوی کۆتایی بە کێشەکە ناهێنێت و رایگەیاند: "قەیرانی بەنزین تەنیا ئەو کاتە بە یەکجاری کۆتایی دێت کە نرخەکەی لەنێوان کەرکووک و پارێزگاکانی دەوروبەریدا یەک بخرێت."
بەڕێوەبەری لقی کەرکووکی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق رایگەیاند، کێشەی گازوایل و گازی ماڵانیان لە کەرکووک نییە. ئاماژەی بەوەش کرد، پشکی رۆژانەی گازوایل 1 ملیۆن و 100 هەزار لیترە، کە 500 هەزار لیتری بەبێ بەرامبەر دەدرێتە زیاتر لە 1100 مۆلیدەی ئەهلی بۆ دابینکردنی کارەبای پارێزگاکە.
نرخی بەنزین و سیستمی دابەشکردن:
لە کەرکووک بەپێی سیستمێک، هەر ئۆتۆمبێلێک 5 رۆژ جارێک مافی وەرگرتنی 50 لیتر بەنزینی بەم نرخانە هەیە:
- بەنزینی نۆرماڵ: 450 دینار بۆ هەر لیترێک
- بەنزینی موحەسەن: 850 دینار بۆ هەر لیترێک
- بەنزینی سوپەر: 1250 دینار بۆ هەر لیترێک
پێشتر سیستمی کۆبۆن تەنیا ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانی دەگرتەوە، بەڵام بەپێی سیستمی نوێ، هەموو پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە. بڕیارە سیستمێکی نوێی دابەشکردن جێبەجێ بکرێت کە تێیدا ستیکەرێکی تایبەت لەسەر جامی ئۆتۆمبێلەکان دەدرێت، کە هاوشێوەی ستیکەری پشکنینی ساڵانەیە و ئەم رێکارە کارئاسانیی زۆر بۆ هاووڵاتییان دەکات.
_(1).jpg&w=3840&q=75)

