رووداو - دیجیتاڵ
ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان-ئاراستەی گردەکە، رایدەگەیێنێت کە ئەوان خۆیان بە 'جڤاتی شەرعیی' بزووتنەوەکە دەزانن و دەڵێت، "ئێمە هەم بەپێی دەستوور و هەم بەپێی هەڵبژاردنە نێوخۆییەکان هەڵبژێردراوین و شەرعییەتمان لە ئەندامانی خۆمان وەرگرتووە." هاوکات، باسی هەوڵێک دەکات بۆ ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان "بکرێتە دووکانێکی سیاسی" و رێبازە سەرەکییەکەی نەوشیروان مستەفا کۆتایی پێبهێندرێت.
نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان-ئاراستەی گردەکە لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات باسی لە ناکۆکییە نێوخۆییەکانی بزووتنەوەکەیان کرد و رایگەیاند، ئەو باڵەی کە کۆنفرانسیان لە کەرکووک بەستووە، لە رێبازی سەرەکیی گۆڕان لایانداوە و پەیڕەو و پرۆگرامێکیان داناوە کە "هیچ پەیوەندییەکی بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە نییە."
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان رەخنەی تووندی لە بەستنی کۆنفرانسەکەی رکابەرەکانیان گرت و بە "نادەستووری" ناویبرد.
نزار مەحموود گوتی: "ئێمە پرسیارمان هەبوو بۆ لە کەرکووک و بۆچی لە بارەگای لایەنێکی دیکە؟ ئەو هۆڵەی کۆنفرانسەکەی تێدا کرا، سەر بە رێکخراوە دیموکراتییەکانی یەکێتییە. بوونی ئەو هەموو هێزە ئەمنی و تایبەتانە جێگەی گومان بوو."
نزار مەحموود دەڵێت، ئەوان داوایان کردبوو کۆنفرانسەکە لە سلێمانی و لە "گردی زەرگەتە" بکرێت و وادەش دیاریکرابوو، بەڵام "بەداخەوە لە چەند رۆژێکدا شتەکە گۆڕا و بە قازانجی ئەو برادەرانە گۆڕا بۆ کەرکووک."
سەبارەت بە ئامادەبوونیان لە کۆنفرانسەکەی کەرکووک، نزار مەحموود گوتی، ئەوان بۆ ئەوە چوونەتە شوێنی کۆنفرانسەکە تاوەکو ناڕەزایەتی دەرببڕن و بە کۆمیسیۆن بڵێن کە کارەکەیان نادەستوورییە. گوتیشی: "ئێمە بۆ دانپێدانان نەچووین، ئێمە چووین گوتمان ئەم شتە نادەستوورییە. لەگەڵ کۆمیسیۆن قسەمان کرد و ناڕەزاییمان دەربڕی و هاتینە دەرەوە."
نزار مەحموود، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە رۆڵیان هەیە لە قووڵکردنەوەی کێشەکانی نێو گۆڕان و پێیانوایە ئەو دوو حیزبە پشتیوانی لە باڵەکەی دیکە دەکەن.
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی گوتی: "پێموایە هەموو حیزبە سیاسییەکان، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، پێیان خۆشە ئەم بزووتنەوەی گۆڕانە نەمێنێت، بەڵکو تەنیا ناوەکەی بمێنێتەوە و وەک دووکانێکی سیاسی مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. دیارە، یەکێتی و پارتیش بۆیە پشتیوانییان لێدەکەن بۆ ئەوەی ببنە دووکانێکی سیاسی لە بەرژەوەندیی خۆیان و دەسەڵات."
یەکێک لە ناکۆکییەکانی نێوان دوو باڵەکەی گۆڕان، پرسی دەستوور و پەیڕەوی نێوخۆیە. نزار مەحموود جەخت لەوە دەکاتەوە کە باڵەکەی دیکە بە تەواوی لە دەستوورە بنەڕەتییەکەی بزووتنەوەی گۆڕان لایانداوە. "کێشەی ئێمە لەگەڵ ئەو برادەرانە لەسەر دەستوور بوو، چونکە ئەوان لایان دابوو لە دەستوور و نەیانویست بەپێی دەستوورەکەی بزووتنەوەی گۆڕان کاربکەن
نزار مەحموود دەڵێت: "دەستوورە نوێیەکەیان داناوە و پەیڕەوی دەکەن. ئەگەر بیخوێنیتەوە، لەگەڵ دەستوورەکەی ئێمە زۆر جیاوازە و زۆر دوورن لە یەکت".
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان-ئاراستەی گردەکە، دووپاتیکردەوە کە ئەوان کۆڵنادەن و خۆیان "بە میراتگری رێبازی کاک نەوشیروان" دەزانن و گوتی: "قبووڵی ناکەین هەروا تێپەڕێت. هەموو رێکارێکی یاسایی دەگرینەبەر بۆ ئەوەی بەپێی یاسا کۆتایی بەم دۆخە بهێنین."

_(1).jpg&w=3840&q=75)
