رووداو دیجیتاڵ
خراپیی رەوشی کارەبا لە ژمارەیەک گوندی سنووری پردێ بووەتە هۆی لەنێوچوونی بەشێکی زۆری بەرهەمی جووتیاران و زیانێکی زۆری پێگەیاندوون، جووتیارێک دەڵێت، "34 ملیۆن دینارم تەنیا بۆ کڕینی گازی مۆلیدە خەرج کردووە."
زیاتر لە 200 جووتیار کە زەوییەکانیان لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە کەرکووکن و لەڕووی ئەمنییەوە دەکەونە ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەوە، زیاتر لە مانگێکە کێشەی کارەبایان هەیە. بەهۆی نەبوونی کارەباوە، ناتوانن بیرە ئیرتیوازییەکانیان بۆ ئاودانی گەنمەشامییەکانیان بەکاربهێنن، ئەمەش وایکردووە بەرهەمەکانیان وشک بن و لەنێوبچن.
عەبدولباست عەدنان، یەکێک لە جووتیارە زیانلێکەوتووانی گوندی چۆمەزەردەڵە بە رووداوی گوت: "هەموو ساڵێک ئێمە لەبەر کێشەی کارەبا زیانمان پێدەگات. من 40 دۆنم زەویم هەیە، نیوەیم وشک کردووە و نیوەکەی دیکەشی بە گاز ئاوی دەدەم، بەڵام دڵنیام بەرهەمەکەی بایی خەرجیی گازەکەش ناکات."
ژمارەیەک لە جووتیاران بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاودان، مۆلیدە بەکاردەهێنن، بەڵام بەهۆی بەرزیی نرخی سووتەمەنییەوە، قازانجێکی ئەوتۆ ناکەن.
محەممەد عوسمان، جووتیارێکی دیکەی هەمان گوندە و دەڵێت: "پشت بە کارەبا دەبەستین بۆ بیرە ئیرتیوازییەکان، بەڵام بە مۆلیدەی گاز ئاوی دەدەین. لیترێک گاز بە 1100 دینار دەکڕین و خەرجییەکی زۆری لەسەرمانە."
تەڵعەت ئەحمەد، جووتیارێکی دیکەیە و ئاماژەی بەوە کرد: "ئەگەر بە گازیش ئاوی بدەین، پارەی گازەکە دەرناهێنێتەوە. جووتیار زۆر زەرەرمەندە."
بە گوتەی جووتیاران، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان سەردانی چەندین لایەن و بەرپرسیان کردووە و شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە تەلەفۆن بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکەی پێداون.
سوهەیب محەممەد، بەڕێوەبەری کارەبای پردێ بە رووداوی راگەیاند: "ئەوەی روویداوە کێشەیەکی تەکنیکییە و لە نزیکترین کاتدا چارەسەری دەکەین. ئەو هێڵە دەگوازینەوە سەر محاویلەیەکی دیکە کە لەژێر کۆنترۆڵی خۆمانە و دەتوانین دەستکاریی بکەین."
خەڵکی ئەو ناوچانەی لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە کەرکووکن و لەلایەنی ئەمنییەوە لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدان، بەردەوام رووبەڕووی کێشەی گەیشتنی خزمەتگوزارییەکان دەبنەوە.
.jpg&w=3840&q=75)

