رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دادگەی کەرکووک سزای دوو ملیۆن دینار پێبژاردنی بەسەر محەممەد ئەمین، جووتیارە کوردەکەی گوندی شەناغەی کەرکووکدا سەپاند، سەرمایەدارێکی شاری سلێمانی بڕیاری دا بڕی پێبژاردنەکە بگرێتە ئەستۆی خۆی و پارەکە بدات.
محەممەد ئەمین، ئەو جووتیارە کوردەی ساڵی رابردوو ڤیدیۆی راکێشانی ملپێچەکەی لە لایەن سەربازێکی عێراقییەوە دەنگدانەوەی لێکەوتەوە، رۆژی دووشەممە، 24ـی ئابی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "دکتۆر تەها رەسووڵ، سەرمایەداری کوردپەروەری شاری سلێمانی، بەهۆی ئەو هەستە نیشتمانییەی هەیبوو، بڕیاری دا ئەو دوو ملیۆن دینارەی دادگەی کەرکووک بەسەریدا سەپاندووم، لە ئەستۆی بگرێ."
محەممەد ئەمین ئاماژەی بەوە کرد، هیچ پەیوەندییەکی پێشوەختەی لەگەڵ دکتۆر تەها نەبووە و ئەم هەڵوێستەی تەنیا بۆ پاڵپشتیکردنی بووە لە بەرامبەر ئەو ستەمەی لێی کراوە.
دادگەی کەرکووک رۆژی یەکشەممە(23ـی ئابی2026) لە دوو سکاڵای جیاوازدا کە لە لایەن سەربازێکی عێراقی و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانەوە دژی محەممەد ئەمین تۆمارکرابوون، بڕیاری سزادانی ئەو جووتیارەی بە دوو ملیۆن دینار پێبژاردن دەرکرد.
رووداوەکە بۆ 17ـی شوباتی 2025 دەگەڕێتەوە، کاتێک لە کاتی کێشەی زەویوزار لە گوندی شەناغەی کەرکووک، سەربازێکی عێراقی بە تووندی ملپێچی محەممەد ئەمینی راکێشا و خەریک بوو بیخنکێنێت.
هەرچەندە پەرلەمانی عێراق لە سەرەتای ساڵی 2025 یاسای گەڕاندنەوەی زەوییەکانی بۆ خاوەنە رەسەنەکانی کورد و تورکمان پەسند کرد، بەڵام بەهۆی جێبەجێنەکردنی رێکارەکان، سوپای عێراق بەردەوامە لە رێگریکردن لە جووتیارانی کورد بۆ کێڵانی زەوییەکانیان.
ئەم دۆسیەیە بەشێکە لە ململانێی مێژوویی لەسەر زیاتر لە 300 هەزار دۆنم زەوی لە ناوچە جێناکۆکەکان کە لە سەردەمی بەعسدا لە کورد و تورکمان زەوت کرابوون.
.jpg&w=3840&q=75)

