رووداو دیجیتاڵ
میلیا، کچێکی تەمەن پێنج ساڵانە و لە سەرەتای لەدایکبوونییەوە بەدەست ئازارەوە دەناڵێنێت. ئەو لە زگماکەوە کێشەی سستیی گورچیلەی هەبووە، بەڵام ماوەیەکە پزیشکەکان هەواڵێکی ناخۆشیان بە خێزانەکەی داوە، ئەویش پەککەوتنی جگەریەتی، کە وایکردووە ژیانی بکەوێتە مەترسییەوە.
محەممەد حاجی، باوکی میلیا بە رووداوی گوت: "سەرەتا کێشەی گورچیلەی هەبوو، دوو مانگ و نیو پێش ئێستا دۆخی تەندروستیی زۆر خراپتر بوو. بردمانە نەخۆشخانە لە هەولێر و هەفتەیەک لەوێ مایەوە. دوایین قسەی پزیشکەکان ئەوە بوو کە منداڵەکەمان تووشی پەککەوتنی جگەریش بووە و پێویستی بە گۆڕینی یەکێک لە گورچیلەکانی و جگەریەتی لە یەک کاتدا، کە تێچووەکەی لەنێوان 50 بۆ 60 هەزار دۆلارە."
میلیا، نۆبەرەی خێزانێکی دانیشتووی شارۆچکەی وەرتێیە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران. بەفر کە بۆ زۆربەی خەڵک بۆ ساردکردنەوەی خواردن و خواردنەوەیە، بۆ میلیا بووەتە ئامرازێک بۆ ئارامکردنەوەی ئازار و سووتانەوەی هەناوی.
ئاشتی عوسمان، دایکی میلیا بە چاوی پڕ لە گریانەوە باسی ئازارەکانی کچەکەی دەکات و دەڵێت: "شەوان هەندێک جار تووشی خوێنبەربوون دەبێت، بەتایبەت لە لوتییەوە. کە ناتوانین خوێنبەربوونەکەی رابگرین، دەیبەینە فریاکەوتن و دەرزیی راگرتنی خوێنبەربوونی بۆ بەکاردێنن. خەویشی خراپە و خواردنیشی زۆر کەم بووەتەوە."
پشکنین و دەرمانی بەردەوام، توانای دارایی خێزانەکەیان نەهێشتووە. باوکی میلیا پێشمەرگەیە و دەڵێت، هەرچی هەبووە بۆ چارەسەری کچەکەی خەرجی کردووە.
دکتۆر محەممەد عومەر لەک، پسپۆڕی وردی هەرس و جگەر، سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی میلیا بە رووداوی گوت: "دوای سۆنەر و پشکنینەکانی تر دەرکەوت کە ئەم منداڵە تووشی ئاوسانی جگەر و سپڵ بووە و ئاوێکی زۆر لە سکیدا کۆبووەتەوە. بە تێکڕای نیشانەکان، دەستنیشانکرا کە تووشی مۆمبوونی جگەر بووە. بەداخەوە جگەری ئەم منداڵە چیتر توانای ئەوەی نەماوە فرمانەکانی جێبەجێ بکات و پێویستە چاندنی جگەری بۆ بکرێت."
بە گوتەی پزیشکەکەی، نەشتەرگەرییەکە لە نەخۆشخانەی ژین لە هەولێر دەکرێت و تێچووەکەی نزیکەی 180 ملیۆن دینارە.
ئێستا دایک و باوکی میلیا، چاویان لە دەستی خێرخوازان و خواپێداوانە، بەو هیوایەی یارمەتییەک بتوانێت کچەکەیان بگەڕێنێتەوە بۆ ژیانی ئاسایی و جارێکی دیکە بزە بخاتەوە سەر لێوەکانی.


