رووداو دیجیتاڵ لە ناوچەی شوێنەواریی ئانی لە پارێزگای قەرس لە باکووری کوردستان، پارچەبەردێکی سەردەمی سەلجووقییەکان دۆزرایەوە، کە ناوی پێغەمبەر محەممەد (د. خ) شەش جار بە رێنووسی کووفی لەسەر هەڵکۆڵدراوە. مەهمەت نووری ئەرسۆی، وەزیری کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا، رۆژی دووشەممە، 24ـی ئابی 2026، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، شوێنەوارناسان لەکاتی هەڵکۆڵین لە گۆڕستانی "سەباچەیی" لە شارۆچکەی مێژوویی ئانی، شوێنەوارێکی "تایبەت و بێوێنە"یان دۆزیوەتەوە. بەگوتەی وەزیری کولتوور، ئەو پارچەبەردە نەخشی ئەستێرەیەکی هەشتگۆشەی لەنێوەڕاستدایە و لە هەردوو لایەوە ناوی "پێغەمبەر محەممەد" سێ جار بە خەتی کووفی دووبارەبووەتەوە. بەپێی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکانی شارەزایان، ئەم پارچەبەردە قەبارەکەی 51 بە 21 سانتیمەترە و پێدەچێت بەشێک بووبێت لە "گومبەزێکی مێژوویی" سەردەمی سەلجووقییەکان، بەوپێیەی پێشتریش هەمان نەخش لەسەر دیواری مزگەوتەکانی ئەو سەردەمە بینراوە. شارۆچکەی مێژوویی ئانی لە پارێزگای قەرس، کە بە "شارە مێژووییەکە" دەناسرێت، لە ساڵی 1064ـی زایینی لەلایەن سوڵتان ئالپ ئەرسلانەوە کۆنترۆڵکراوە. ئەم ناوچەیە بەهۆی گرنگییە مێژووییەکەیەوە، لە ساڵی 2016ـەوە لە لیستی کەلەپووری جیهانیی یونسکۆدا تۆمارکراوە. لە ساڵی 2021ـەوە، شوێنەوارناسەکان بەردەوام لە گۆڕستانی سەلجووقییەکانی ئەو ناوچەیە کاردەکەن بۆ ئاشکراکردنی بەڵگەنامە و پاشماوە مێژووییەکانی سەردەمی دەسەڵاتداریی سەلجووقییەکان.
کوردستان24-08-2026وەزیری کشتوکاڵ: ساڵانە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 8 هەزار تۆن زەیتوون بەرهەمدەهێندرێت