رووداو دیجیتاڵ ئەو دوو کۆمپانیایەی ئەرکی پاککردنەوەی شاری کەرکووکیان لەئەستۆ گرتووە، چوار مانگە شایستە داراییەکانیان وەرنەگرتووە؛ سەرپەرشتیارانی کۆمپانیاکانیش هۆشداری دەدەنە ئیدارەی پارێزگاکە تاوەکو پارەیان پێبدرێت، ئەگینا رێکاری دیکە دەگرنەبەر. رۆژانە تیمەکانی هەڵگرتنەوەی زبڵ و خاشاک بەنێو کۆڵان و شەقامەکانی کەرکووکدا بڵاو دەبنەوە و دیمەنی شارەکەیان بەرەو پاکوخاوێنی گۆڕیوە. بەڵام دواکەوتنی پارەکەیان بارگرانیی دارایی دروستکردووە. سەڵاح حەسەن، سەرپەرشتیاری گشتیی پاککردنەوەی کۆمپانیاکان لەبارەی بارودۆخی دارایی کۆمپانیاکانەوە بە رووداوی گوت: "گەرچی پارەی مانگانەی کرێکارەکانمان لەکاتی خۆیدا داوە، بەڵام قەرزێکی زۆرمان هاتووەتەسەر." گرێبەستی پاککردنەوەی شارەکە لەلایەن رێبوار تەهاوە واژۆکرا کاتێک لە پۆستی پارێزگاردا بوو. ئێستا کە وەک جێگری پارێزگار کار دەکات، ئاگاداری قەیرانەکەیە. رێبوار تەها، جێگری پارێزگاری کەرکووک لەبارەی کێشەی نەدانی پارەی کۆمپانیاکانەوە بە رووداوی راگەیاند: "ئاگادارین بەهۆی قەیرانی داراییەوە پارەیان نەدراوە، بەڵام دەبێت کارێک بکرێت و هیچ هەنگاوێک نەگەڕێینەوە بۆ رابردوو لەو بوارەدا." لەگەڵ فراوانبوونی شاری کەرکووک، رۆژانە بڕێکی زیاتری زبڵ و خاشاک هەڵدەگیرێتەوە و لە وێستگەکان ژێرخۆڵ دەکرێت. ئەرکان عومەر، بەرپرسی بەشی پاشماوە رەقەکان لە شارەوانیی کەرکووک دەربارەی دابەشبوونی کارەکانیان بە رووداوی گوت: "تیمی کۆمپانیاکانی پاککردنەوە کەرکووکیان بەسەر دوو زۆندا دابەشکردووە، هەفتانە بۆ هەر کۆڵانێک دووجار دەڕۆن و زبڵ و خاشاکی ماڵان هەڵدەگرنەوە، رۆژانە شەقامە سەرەکییەکان پاک دەکەنەوە."
کوردستان24-08-2026سەرۆک بارزانی لە یادی مەولوود دا: هیوادارم ئاشتی و ئارامی بۆ هەموو جیهان بەدی بهێنێت